به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات لقی سیاسیی هێزی سووریای دیموکرات (SDF) له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی دیفنس پۆست ته‌ئکیدی کرده‌وه: به‌و شێوه‌یه که هه‌ندێک که‌س ئیدیعا ده‌که‌ن ئیداره‌ی خۆسه‌ری باکووری سووریا هیچ په‌یوه‌ندییێکی له‌گه‌ڵ قه‌ندیل ناوه‌ندی فه‌رمانده‌ییی په‌که‌که له خاکی هه‌رێمی کوردستاندا نییه. په‌که‌که‌ش داوای هیچ شتێکی له ئیداره‌ی خۆسه‌ری کوردیی باکووری سووریا نه‌کردووه.
هه‌واڵنێری ماڵپه‌ڕی دیفنس پۆست له زاری ژماره‌یێک کارناسه‌وه ئیدعای کردووه که کوردی سووریا به‌شێک له داهاتی نه‌وته‌که‌ی بۆ په‌که‌که له چیای قه‌ندیل ده‌نێرێت به‌ڵام ئیلهام ئه‌حمه‌د ڕای‌گه‌یاند: یه‌که‌م؛ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد زۆر که‌م بۆته‌وه و دووهه‌م؛ ئه‌و داهاته‌ی که به بۆنه‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌وه وه‌ده‌ست دێت به‌شی خه‌رجییه‌کانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر ناکات که‌واته ئیدعایێکی وا دووره له ڕاستییه‌وه.
ناوبراو له‌باره‌ی پێکهێنانی لیژنه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا و بانگهێشت‌نه‌کردنی ئیداره‌ی خۆسه‌ر زیادی کرد: ئێمه ئه‌م لیژنه‌یه قبووڵ ناکه‌ین چونکه نوێنه‌رێکمان تێیدا نییه و پێبه‌ندی ئه‌و بڕیارانه نابین که له لیژنه‌که‌دا ڕاده‌گه‌یێندرێت.
ئیلهام ئه‌حمه‌د پێی وایه که پێکهێنانی لیژنه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا قه‌یرانه‌کانی ئه‌و وڵاته چاره‌سه‌ر ناکات.
سه‌رۆکی کۆمیته‌ی جێبه‌جێکاریی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات له‌باره‌ی دانوستانی ئیداره‌ی خۆسه‌ری کوردیی باکووری سووریا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌و وڵاته وتی: دیمه‌شق هه‌نگاوه‌کانی به‌ره‌و هه‌ژموونیی سه‌ربازی هه‌ڵده‌گرێت و تیرۆریست وه‌سف کردنی هێزی سووریای دیموکرات له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه ڕوانگه‌یێکی وا پیشان ده‌دات که‌واته له یه‌ک ساڵی ڕابردوو هیچ شاندێک ڕه‌وانه‌ی دیمه‌شق نه‌کراوه و پێویست به‌و کاره ناکات و ئێمه‌ش هیچ کارێکمان به‌وانه‌وه نییه.
ئیلهام ئه‌حمه‌د تیشکی خسته سه‌ر پاشه‌کشێی هێزی کوردی سووریا له سنووره‌کانی سووریا به درێژاییی لانیکه‌م 4 و لانی‌زۆر 14 کیلۆمه‌تر له‌سه‌ر داوای ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش و مکووڕبوونی تورکیا له‌سه‌ر پاشه‌کشێی کورد تا قووڵاییی 40 کیلۆمه‌تریی خاکی سووریا و ڕای‌گه‌یاند: ئیداره‌ی خۆسه‌ری کوردی زیاتر له‌و ڕاده‌یه هێزه‌کانی ناکشێته‌وه چونکه "تورکیا هه‌وڵه‌کانی بۆ پاکتاوی ڕه‌گه‌زی و دووپات بوونه‌وه‌ی ڕووداوی عه‌فرین له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووبارت فورات چڕ کردۆته‌وه."
ناوبراو له‌باره‌ی پێداگریی تورکیا له‌سه‌ر نیشته‌جێ‌کردنی میلیۆنان ئاواره‌ی سووری له ناوچه‌ی پارێزراوی سنووری سووریا و تورکیا پاش کشانه‌وه‌ی هێزه کوردییه‌کان جه‌ختی کرده‌وه: کورده‌کان ته‌نها نیشته‌جێ‌کردنی ئه‌و ئاوارانه قبووڵ ده‌که‌ن که پێش له ده‌ست‌پێکردنی قه‌یرانی سووریا دانیشتووی ناوچه‌که بوون.
ناوبراو ته‌ئکیدی کرد: کورد به هیچ له‌ونێک دامه‌زراندنی بنکه‌ی هه‌میشه‌ییی سوپای تورکیا له باکووری سووریا و جێگیربوونی هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته قبووڵ ناکات.
به‌رپرسه کورده‌که‌ی سووریا نیگه‌رانییه سه‌ره‌کییه‌کانی کوردی سووریا به به‌رده‌وامیی چالاکییه‌کانی داعش له ناوچه‌ی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازیی تورکیا و هه‌وڵی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆ کۆتایی‌هێنان به خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له ڕێگای ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییه‌وه وه‌سف ده‌کات.
سه‌رۆکی کۆمیته‌ی جێبه‌جێکاریی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات کێشه‌ی سه‌ره‌کیی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد به هێشتنه‌وه‌ی زیاتر له 70 هه‌زار گومانلێکراوی داعش له زینداندا ده‌زانێت و ده‌ڵێت: کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولی هیچ یارمه‌تییێک به کورده‌کان نادات که‌واته ئیداره‌کردنی گومانلێکراوانی داعش کارێکی زۆر دژواره.
ئیلهام ئه‌حمه‌د باسی له پێکهێنانی یه‌که‌ی هێزه‌کانی تایبه‌تی ژنان له ماوه‌ی یه‌ک مانگی ڕابردوودا کرد و گوتی: ئه‌رکی ئه‌م هێزه نوێیه لێکدانه‌وه‌ی کاروباری ژنانه له ئیداره‌ی خۆسه‌ری باکووری سووریا که به‌شێک له هێزی سووریای دیموکرات دێنه ئه‌ژمار.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment