بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەختیار شاوەیس لە وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە باشترە پارتی واز لە چەمکی خیانەتی یەکێتیی بهێنێت چوونکە ئەگەر بیانەوێت ڕیشەی خیانەتکاری هەڵبدەنەوە ئەوا دەبێت لە ئاشبەتاڵی هەفتا و پێنجەوە و پێشتریش دەستپێبکەن و دەڵێت رەنگە ئەمەش نووسینی کتێبێکی بوێت.
فراکسیۆنی پارتی گەڕانەوە پایتەختی عێراق و بەداخەوە نەبونە جیرانێکی دۆست ! دواجار بۆیان دەرکەوت ئێمە خائین نین و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستانین لە بەغداد ئەگەر نا چەمکی خائین بوون هەروا شتێکی سادە و بێ مۆڕاڵ نییە کە بە ئارەزووی خۆت بیکەیەتە بەری بەرامبەرەکەت تەنها لە بەر ئەوەی کە بەگوێرەی مەرامی شەخسی و حیزبی تۆ ناجووڵێتەوە، بەڵام ئەوەی کە پێویستە هەموو لایێک لێی تێگەشتبن ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە مەبەستێک کە هەیبووە بۆ داتاشینی چەمکی خائین بەتایبەتی بۆ یەکێتییەکان تەنها ئەوە بووە کە لە هەندێک جووڵەی سیاسی و بڕیاری تاکرەوی و سەرکێشی شەخسی هەندێک لە سەرانی پارتی، یەکێتیی ملی دانەداوە و ستۆپی بە پارتی کردووە و نەیهێشتووە لەوە زیاتر قومار بە ئایندەی هەرێمی کوردستانەوە بکات.
لەگەڵ هاتنەوەی پارتی بۆ ئەو بەغدایەی کە موفلیس بووە و پۆرەی نەماوە و هیچ خێری تیا نییە بۆ کورد وەک چەند رۆژێک بەر لە ۲٥/۹ دەیانوت لەگەڵ گەرانەوەیان بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک مەترسی هەڵوەشانەوەی لە سەر دروست بوو، کە هۆکاری راستەقینەی ئەمە بۆ هەوڵی ئەو پەرلەمانتارە تورکمان و عەرەبانە ناگەرێتەوە کە ۱٥۱ ئیمزایان کۆ کردوەتەوە بەڵکوو پەیوەندیی بە کۆنەبوونەوەی ئەندامانی پارتیە لە لیستی برایەتی و دانیشتنیانە لە هەولێر کە زیاتر لە مانگێکە دەستی دەستی دەکەن و هەر جارەی بە بیانویێک خۆیان دەدزنەوە لە کۆبوونەوە و دیاری کردنی کوردێک بە پارێزگاری کەرکووک.
ئێستا حەق وایە پارتی خۆی یەکلا بکاتەوە کە ئایا ئەندامەکانی فراکسیۆنەکەی بەغدادیان خائینن یان ئەوانەیان لە لیستی برایەتی کەرکووک؟ یان ئایا بەراست دڵەکەی کوردستانیان ئەوە ناهێنێت کە بە بێ مەرامی حیزبی بیری لێبکەیتەوە و بەناردنەوەی ئەندامەکانت هەم پارێزگار و هەم ئەنجومەنی پارێزگاکەی لە کەرکووک کە زۆرینەی کوردن لە هەرەشە و مەترسی لە دەستدان بپارێزیت و دەرچەیێک بکەیتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو شارە کە بەدانانی پارێزگارێکی کورد سەرەتاکەی دەردەکەوێت؟ یان ئەمەش موزایەدەی حیزبییە و وەک چەمکی خائین و خیانەتەکە خەڵکی سادەی پێ چەواشە دەکەن.
پارتی کە لە خیانەتدا بەشی هیچ حیزبێکی کوردستانی نەهێشتوەتە دەیەوێت بەم قسە بێتامە دەریایێک لە هەڵەی سیاسی کوشندە کە هەموویان خیانەتن لە دەستکەوتەکانمان ، لە خوێنی شەهیدان و لە رەنجی دەیان ساڵەی تێکۆشەرانی ڕێگەی کوردایەتی گەرەکیەتی خۆی بدزێتەوە و پەردەپۆشیان بکات، ئەگەر نا خیانەت ئەوەیە کە گوێ لە بەدیلی ئەمریکی و داواکاری دۆستەکانمان لە ئەورووپا و ناوچەکە نەگریت.
خیانەت ئەوەیە کە بڵێی تەحەمولی هەموو مەسئولەتێکی هەڵدەگرم و نەیکەیت، خیانەت ئەوەیە بڵێی هەر کەسێک لەگەڵ ریفراندۆم نەبێت لە شەمەندەفەرەکە جێدەمێنێت، خیانەت ئەوەیە بە ماکگۆرک بڵێی کاتم نییە لەگەڵ ئەو لوسکەیە دابنیشم و دواتر بپارێیتەوە بۆ دیدارێک، خیانەت ئەوەیە کە بڵێی پێشبینیمان نەدەکرد ئەمریکا و هاوپەیمانان پشتمان تێبکەن، خیانەت ئەوەیە کە دوای شەڕێکی نابەرامبەری چوار سەعاتی و هەبوونی هەشتا و شەش شەهیدی یەکێتیی تۆمەت دروست بکەیت لە کاتێکدا کە خۆت بەبێ تەقە رۆژئاوای کەرکووک و چاڵە نەوتەکانی هاڤانا و بای حەسەن ، دوبز ، شەنگار و مەخمور ، عەین زالە ، گوێر ، باشیک ، زومار ، تلکێف ، عانە ، سد مووسل ، وانکی ، بەرتەلەت تەسلیم کردبێت.
کەواتە پارتی بۆ ئەوەی بتوانێت خەڵک فریو بدات باشترە واز لە چەمکی خیانەتی یەکێتیی بهێنێت چوونکە ئەگەر بمانەوێت ڕیشەی خیانەتکاری هەڵدەینەوە ئەوا دەبێت لە ئاشبەتاڵی هەفتا و پێنجەوە و پێشتریش دەستپێبکەین کە رەنگە ئەمەش نووسینی کتێبێکی بوێت.
سەرچاوە: لڤین پرێس
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment