کەمال کەرکووکى: بارەگاکانى کەرکووکمان پێدەدرێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسى ئەنجومەنى سەرکردایەتیى کەرکوک/ گەرمیانى پارتى، ئاماژە بە نزیک بوونەوەى وادەى گەڕانەوەى حیزبەکەى بۆ کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات، بێ ئەوەى وادەکە ئاشکرا بکات.

کوردپرێس:

لە گفتووگۆیێکدا، لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، دکتۆر کەمال کەرکوکى، بەرپرسى ئەنجومەنى سەرکردایەتیى کەرکوک/ گەرمیانى پارتى، دەڵێت: "لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان نێوانمان باشە و شەریک و بەشدارین لە حکوومەتدا، بۆیە هەوڵ هەیە لەهەموو ناوچەکان پێکەوە و بەخۆشى کار بکەین."

بە پێی ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمریکا، زانیارییەکان ئاماژەبەوەدەکەن، دەزگا ئەمنییەکانى عێراق ئامادەکارى دەکەن بۆ چۆڵکردنى بارەگاکانى پارتى لە کەرکووک، لەو بارەیەشەوە کەمال کەرکوکى وتى"مەعقولە لە حکومەتدا شەریک بین و بارەگاکانمان نەدرێتەوە، بەڵێ، بارەگاکانمان دەدرێتەوە."

لەکاردانەوەى ئەگەرى پێدانەوەى بارەگاکانى کەرکووک بە پارتى، عەرەب و تورکمانەکان، دژایەتىی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەى عێراق راگەیاند ،دەڵێن"نابێت بینا حکوومییەکان بدرێتەوە بەو حیزبە."

لەبەرامبەردا، سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتیى کەرکووک/گەرمیان ى پارتى، هێرشی کردە سەر هەندێک لایەنى عەرەبى و تورکمانى و تۆمەتبارى کردن بەوەى دژى هەر لایەنێکن کە خزمەت بکات،وتى"ئێمە لەگەڵ هەندێک لایەنى عەرەبى و تورکمانى، دۆستین و هاتووچۆمان هەیە، بەڵام بیرکردنەوەى هەندێکیان شۆڤێنییانەیە."

سەبارەت بە یەک لیستیى حیزبە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکووک،کەمال کەرکوکى دەڵێت"یەک لیستى لەبەرژەوەندیى کوردە، نابێت هیچ دۆخێک بکرێتە بیانوو بۆ یەک لیست نەبوون."

لە کۆتاییى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، بەرپرسەکەى پارتى ئاماژەى بە هەڵبژاردنى پارێزگارێکى نوێ بۆ کەرکووک کرد و ڕوونیشی کردەوە لەگەڵ عەرەب و تورکمان لە هەوڵدان بە مەبەستى ڕازی­کردنیان.

News Code 86534

Your Comment

You are replying to: .
captcha