بەپێی هەواڵی کوردپرێس مەسعوود بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: حوکمی دادگەی فیدراڵی، دەقە دەستوورییەكانی لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی سیاسی تەفسیر كردووە و پێشێل كردنی 55 ماددەی دەستووری لە لایەن حكوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە، كە هەر ئەو پێشێلكردنە بوو گەلی كوردستانی هان دا بە پشتبەستن بە دەستوور مافی ئاسایی و یاساییی خۆی بە شێوەیێكی ئاشتییانە و دیموكراتی مومارەسە بكات.
بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە: پێویستە هەموو لایێك بزانن هیچ بنەمایێكی یاسایی و دەستووری نییە، كە بتواندرێ دەنگی سێ ملیۆن مرۆڤ بە نادەستووری بزاندرێت، چوونكە دەنگی گەل خۆی سەرچاوەی شەرعییەت و دەستوور و یاسایە.
بارزانی پێشیوایە، دادگاى فیدڕاڵى بە درێژاییی كاركردنی دادگایێكی سیاسی بووە و بڕیارێكی وای نەداوە كە بێلایەنیی پێوە دیار بێت.
هەر لەدرێژەی پەیامەکەیدا، بارزانی دەلێت: پێوستە گشت لایێك ئەوە بزانن، دادگای فیدڕاڵیی عێراق بەر لە پەسەندكردنی دەستووری عێراق دروست كراوە و دەبوایە لە دوای پەسەندكردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005 ئەو دادگەیەی ئێستا هەڵبوەشێتەوە و دادگەیێك بەپێی پێوەرە دەستوورییەكان كە لە ماددەی 92ـی دەستووردا هاتووە دابمەزرێت.
ناوبراو هەروەها دەلێت: دادگای فیدڕاڵی لە ماوەی كاركردنیدا لەو كردەوانە بێ دەنگ بووە كە لە دژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە، دەبێت ئەو دادگایە ئەوە ڕوون بكاتەوە كە بەپێی كام ماددەی دەستوور هەر لە شوباتی 2014 هەتا ئێستا كەسێك بە یەك ئیمزا بەشە بودجەی گەلی كوردستانی بڕیوە؟
ئەم پەیامەی بارزانی دوای لێدوانەکەی نێچیرڤان بارزانی دێت کە وتی: بڕیاری دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییە و هەڵناوەشێتەوە.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکیدا رایگەیاند"دادگای فیدراڵی بڕیاری دا بەوەی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ ی ئەیلوولی ٢٠١٧ دا نادەستوورییە، کە لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیێکی دیکە ئەنجام درا".
جەخت لەسەر ئەوەش کراوەتەوە "ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە".
سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی
Your Comment