جه‌نه‌راڵێکی ئه‌مریکی: پشتیوانییه‌کانی ئه‌مریکا له‌ کوردی سووریا به‌رده‌وامه‌

به‌شی جیهان- جه‌نه‌راڵێکی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌ که‌ هێشتا وڵاته‌که‌ی پاڵپشتیی سه‌ربازی له‌ کوردی سووریا ده‌کات و چه‌ک و جیهازاتی پێویست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش ڕاده‌ستی ئه‌و هێزانه‌ ده‌کات.

کوردپرێس:

شه‌وی چوارشه‌ممه 18ی ئه‌یلوولی 2019‌ جه‌نه‌راڵ کریس مییه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری کارگرووپی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ داعش له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا به‌ هه‌واڵنێرانی گوت: ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا چه‌ک و جیهازاتی سه‌ربازیی پێویست ڕاده‌ستی هێزی کوردی سووریا له‌ باکووری ئه‌و وڵاته‌ ده‌کات.

ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا جیهازاتی سه‌ربازی به‌ مه‌به‌ستی به‌رده‌وامیی شه‌ڕی هاوبه‌شی ئه‌مریکا و کورد دژی داعش ڕاده‌ستی هێزی سووریای دیموکراتی ده‌کات که‌ له‌ هێزی کورد- عه‌ره‌ب و ئاشووری له‌ باکووری سووریا پێکهاتووه‌ و زۆرینه‌یان کوردن و له‌ژێر سه‌رکردایه‌تیی کورد ئه‌رکه‌کانیان ڕاده‌په‌ڕێنن.

جه‌نه‌راڵه‌که‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا له‌سه‌ر ڕه‌وانه‌کردنی کاروانی سه‌ربازیی واشنتۆن بۆ هێزه‌ کوردییه‌کان زیادی کرد: ئه‌مریکا به‌ شێوه‌یێکی شه‌فاف ئه‌رکه‌کانی ڕاده‌په‌ڕێنێت و مانگانه‌ ڕاپۆرتێک له‌باره‌ی ڕه‌وانه‌کردنی چه‌ک و جیهازاتی سه‌ربازی بۆ کوردی سووریا ڕاده‌ستی هاوپه‌یمانه‌که‌ی واتا تورکیا ده‌کات.

به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌که‌ی ئه‌مریکا له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا که‌ تورکیا و ئه‌مریکا له‌باره‌ی دروست‌کردنی گه‌یشتنه‌ ڕێککه‌وتن زیادی کرد: به‌په‌له‌ هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام هه‌ڵده‌گرین به‌ڵام جێبه‌جێ‌کردنی هه‌ندێک له‌ به‌ڵێنه‌کان کاتێکی زیاتر ده‌خایێنێت.

ناوبراو وه‌ک به‌رپرسانی دیکه‌ی ئه‌مریکا ناوچه‌ی ئارامی باکووری سووریا وه‌ک "میکانیزمی ئه‌منی" وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت: تاکوو ئێستا به‌ به‌کارهێنانی کۆپته‌ر 5 جار ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا ئه‌نجام دراوه‌ و ئه‌مریکاش خه‌ریکه‌ هه‌نگاوێکی زیاتر له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌کانی تورکیا هه‌ڵده‌گرێت. تورکیا هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا به‌ تیرۆریست ده‌زانێت و داوا ده‌کات هێزی کوردی سووریا له‌ سنووره‌کانی سووریا به‌ قووڵاییی 30 کیلۆمه‌تری بکشێنه‌وه‌ به‌ڵام جه‌نه‌راڵ مییه‌ر ده‌ڵێت که‌ له‌ ئێستادا ناوچه‌ی ئارامی سووریا گرێسپی تا سرێکانی له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌ و قووڵاییه‌که‌شی به‌پێی جۆری هه‌نگاوه‌ ئه‌منییه‌کان جیاواز ده‌بێت.

ناوبراو گوتیشی: هێشتا ژماره‌یێک له‌ هێزه‌کانی کوردی سووریا ناسراو به‌ یه‌په‌گه‌ له‌ نزیکه‌ی سنووره‌ هاوبه‌شه‌کانی سووریا و تورکیان.

جه‌نه‌راڵه‌که‌ی سوپای ئه‌مریکا ته‌ئکیدی کرد: جێبه‌جێ‌کردنی ژماره‌یێک له‌ بڕگه‌کانی ڕێککه‌وتننامه‌ی تورکیا و ئه‌مریکا وه‌ک گواستنه‌وه‌ی ئاواره‌کانی سووریا له‌ تورکیا بۆ ناو وڵاتی سووریا پێویستی به‌ کاتێکی زیاتر هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86447

Your Comment

You are replying to: .
captcha