کوردپرێس- بەپێی زانیارییەکانیان کە لە سەرچاوە باوەرپێکراوەکان وەرگیراون، زەمینلەرزەکە سەرچاوەکەی شاری ئیلام بووە و گوڕی بوومەلەرزەکە 5.3 پلە بووە بە پێی پێوەری رێختەر.
پاش بوومەلەرزەکەی ئیلام هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و دڵەڕاوکێی نێو هاووڵاتییان لە سەر شەقامەکان دەبینرێت.
بە بۆنەی بوومەلەرزەی ئیلامەوە تێکڕای دام و دەزگای جێبەجێکاری هاوپەیوەند لە ئامادەباشیدان و ئەحمەد کەرەمی بەڕێوەبەری سیتادی قەیرانی ئیلام داوای لە هاووڵاتییان کردووە خۆیان لە بینا و باڵەخانەکان دوور بخەنەوە.
تا ئەم کاتە ڕاپۆرتێک لە سەر خەساری ماڵی یان گیان بە هۆی بوومەلەرزەکەوە دەرنەکراوە.
میدیاکانی هەرێمیش ڕایانگەیاند بوومەلەرزەکە لە دەربەندیخانیش هەستی پێکراوە.
ناسیح حەسەن، قایمقامی دەربەندیخان بەخەندان-ی راگەیاند، زەمینلەرزەکە زیانی نەبووە بە تەواوی ھەستی پێکراوە و ھاووڵاتیان لە ماڵەکانیان ھاتوونەتە دەرەوە.
ئەندازیار سامان ئیسماعیل، لە بەنداوی دەربەندیخان بە خەندان-ی راگەیاند؛ کاتژمێر ٦:٣٠ ئەمشەو زەمینلەرزەیێکی بەھێز شاری دەربەندیخانی گرتەوە و ھیچ زیانێکی ئەوتۆی نەبووە.
شیاوی ئاماژەیە پێشتر شەوی ١٢/١١/٢٠١٧زەمینلەرزەیێکی بەھێز شاری دەربەندیخان-ی ھەژاند و بەھۆیەوە پێنج ھاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و ھەروەھا زیانی مادیی زۆریش بەر ژمارەیێک باڵەخانە و خانوو و موڵکی ھاووڵاتیان کەوت.
Your Comment