کوردپرێس:
ڕۆژی پێنجشه‌ممه 19ی 9ی 2019 محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق گه‌یشته هه‌ولێر و له‌لایه‌ن ڕیواس فایه‌ق سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه پێشوازیی لێ‌کرا و هه‌ر له فڕۆکه‌خانه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان له کۆبوونه‌وه‌دایه.
حه‌لبووسی دوای کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان بڕیاره هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 19-9-2019 له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌که له مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان کۆ ببێته‌وه و به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی پرسی بودجه گفتوگۆ بکه‌ن.
دوای دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی کوردستان، بڕیاره هه‌ر ئه‌مڕۆ حه‌لبووسی له دهۆک به‌شدار له ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خوێندکارانی زانکۆی ئه‌مریکی کوردستان له دهۆک بکات و پاشان بگه‌ڕێته‌وه به‌غدا.
سه‌ردانی حه‌لبووسی بۆ هه‌رێمی كوردستان له كاتێكدایه ڕۆژی چوارشه‌ممه 18ی ئه‌یلوولی 2019 به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی كۆماری عێراقی فیدراڵ سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆ بووه‌وه و چه‌ندین پرسی گرنگ و جێی بایه‌خی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا تاوتوێ كران.
سه‌ردانی حه‌لبووسی له كاتێكدایه جووڵهیێكی سیاسی و دیپلۆماسیی فراوان له نێوان شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌یه به ئامانجی لێكتێگه‌یشتنی زیاتر و چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی بودجه و ناوچه كوردستانییه‌كان و دۆسیه‌ی نه‌وت و چه‌ندین پرس و بابه‌تی گرنگی دیكه.
سه‌رچاوه: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment