ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی: هیوادارین یه‌كێتی به‌ شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتن نه‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی نیسبه‌ت به‌ دانوستان و ڕێککه‌وتنی یه‌کلایه‌نه‌ی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ به‌غدا هۆشداری ده‌دات.

کوردپرێس:

عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان هیوای خواست که‌ یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ناردنی پشكی پارێزگای سلێمانی دانوستان نه‌كات.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا نه‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن ئه‌وا یه‌كێتی ڕاسته‌وخۆ بۆ ناردنی پشكی زۆنی سه‌وز له ‌به‌غداوه‌ ده‌ست به‌ دانوستان ده‌كات به ‌میدیای حزبه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند: "'هیوادارین یه‌كێتی كارێكی له‌و جۆره‌ نه‌كات، چونكه‌ ئه‌مه‌ به ‌هیچ جۆرێک خزمه‌ت به‌ دۆخی هه‌رێم ناكات و كێشه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نیا نه‌وت و بودجه‌ نییه‌ به‌ڵكوو كێشه‌ی خاكیشمان هه‌یه‌ و ده‌كرێ به‌ كارتی نه‌وت بتوانین مافه‌كانمان به‌ ده‌ست بێنینه‌وه‌''.

عه‌لی عه‌ونی ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی كارێكی له‌م جۆره‌ بكات خیانه‌ت له‌ گه‌ل و نیشتمان و حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كات كه‌ خۆی به‌شداره‌ تیایدا".

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوانیان بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یێک مه‌رجی قورسی خستووه‌ته‌ به‌رده‌م به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86329

Your Comment

You are replying to: .
captcha