بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕژی هەینی 22ی خەرمانانی 1398 بەرانبەر بە 13ی ئەیلوولی 2019 هووشەنگ بازوەند پارێزگاری کرماشان بە سەردانێک، مەرزی شۆشمێی بەسەر کردەوە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە مەرزی شۆشمێوە هاتوچۆی گەشتیار ئەنجام بدرێت.
بازوەند زیادی کرد: ماوەیێک لەوەو پێش مەرزی شۆشمێ لە ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراندا کرایە مەرزی فەرمی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیار.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: بە ڕێژەی یەک ملیار و 200 ملوێن تمەن گوژمە بۆ تەواوکردنی ژێرخانی پێویست لە سنوورەکە تەرخان کراوە و ئێستاش کاری جادەسازی و ئاوەدانکاری لەو سنوورەدا ئەنجام دەدرێت.
بازوەند زیادیشی کرد: داواکارییێکی جیدیی خەڵکی هەورامان ئەوەیە کە جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی هاتوچۆی گەشتیاریش لە سنووری شۆشمێوە ئەنجام بدرێت. بۆیە لایەنی ئێرانی بە فەرمی ڕێگەی هاتوچۆی گەشتیاری لەو سنوورەوە داوە بەڵام تا ئێستا هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق ئەو بابەتەیان پەسەند نەکردووە.
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتیشی: وەک یەکەم هەنگاو لەگەڵ پارێزگاری ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەین بەڵکوو کێشەی هاتووچۆی گەشتیار لەو مەرزەوە چارەسەر بکرێت.
Your Comment