پارێزه‌رێكی ده‌میرتاش: هیچ به‌ربه‌ستێک نه‌ماوه‌ بۆ ئازادکردنی ده‌میرتاش

به‌شی تورکیا- یه‌کێک له‌ پارێزه‌رانی هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ له‌ لێدوانێکدا باسی له‌ حوکمی ئازادکردنی ده‌میرتاش کرد له‌لایه‌ن لقی 19ی دادگه‌ی سزا قورسه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: هیچ به‌ربه‌ستێک نه‌ماوه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی ده‌میرتاش له‌ گرتووخانه‌ و ئومێدیشی هه‌یه‌ به‌وه‌ی ڕۆژێک ئازاد ببێت.

کوردپرێس:

ئایدین ئه‌ردۆغان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پارێزه‌رانی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گه‌لان باسی له‌ حوکمی ئازادکردنی ناوبراو کرد له‌لایه‌ن لقی 19ی دادگه‌ی سزا قورسه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌ و ڕه‌ت‌کردنه‌وه‌ی تانه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی 20هه‌مین دادگای سزا قورسه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌ به‌و حوکمه‌ و گوتی: هه‌روا که‌ ده‌زانن ده‌میرتاش له‌ دۆسیه‌یێکی‌تردا به‌ بۆنه‌ی وته‌دانێکی به‌ 4 ساڵ و 8 مانگ زیندان مه‌حکووم کراوه‌ به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی یاساکانی تورکیا ئه‌و ماوه‌یه‌ که‌ ده‌میرتاش له‌ زینداندا بووه‌ ده‌کرێ بۆ ئه‌و حوکمه‌ له‌به‌رچاو بگیردرێت. ته‌نها ژماره‌یێک داپه‌ڕی ئیداری ماوه‌ که‌ دواخستنی ئازادییه‌که‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌ ئێستادا هه‌ندێک هۆکار بۆ ئازاد نه‌کردنی ده‌میرتاش خراوه‌ته‌ڕوو که‌ به‌ده‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ بووه‌ و ئێمه‌ش ئاگاداری ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و بابه‌ته‌ نیین به‌ڵام ئازادکردنی ده‌میرتاش له‌ ئانوساتدایه‌. چتر به‌ربه‌ستێک نه‌ماوه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی ده‌میرتاش له‌ زینداندا.

پارێزه‌ره‌که‌ی ده‌میرتاش زیادیشی کرد: "بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌رانی 20هه‌‌مین دادگای سزا قورسه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ریده‌خات هیچ به‌ربه‌ستێک نه‌ماوه‌ بۆ گرتنی ده‌میرتاش له‌ گرتووخانه‌. ئیدی چانسی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ ده‌میرتاش به‌ئازادكراوی ببینین."

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی 2ی ئه‌یلوول 19هه‌‌مین دادگای سزا قورسه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ بێبه‌ری بوونی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌ تۆمه‌تی كه‌یسی "به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخراوی تیرۆریستی" ڕاگه‌یاند و بڕیاری ئازادكردنی دا به‌ڵام محه‌ممه‌د فاتیح ئۆزده‌میر داواكاری گشتی تانه‌ی له‌ بڕیاری دادگاكه ‌دا و تانه‌كه‌ی بۆ بیسته‌مین دادگای سزا قورسه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ به‌رز كرده‌وه‌.

محه‌ممه‌د فاتیح ئۆزده‌میر داوای له‌ دادگا كرد ده‌میرتاش ئازاد نه‌كرێت و به‌ به‌ندكردن سزا بدرێت چونكه‌ پێشتر ده‌میرتاش به‌پێی بڕیارێكی 26هه‌مین دادگای سزا قورسه‌كانی ئیسته‌نبۆڵ به ‌تۆمه‌تی "په‌سن كردن و بانگه‌شه‌كردن بۆ ڕێكخراوی تیرۆریستی" بڕیاری چوار ساڵ و هه‌شت مانگ به‌ندكردنی بۆ ده‌ركرابوو ئه‌وه‌ش بڕیاری ئازادكردنه‌كه‌ی دواخست.

ڕۆژی 10ی ئه‌یلوولیش دادگا‌ وه‌ڵامی تانه‌كه‌ی داواكاری گشتیی محه‌ممه‌د فاتیح ئۆزده‌میری دایه‌وه‌ و داوای تانه‌كه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند که‌‌ بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌رانی 19‌هه‌مین دادگای سزا قورسه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ بڕیارێكی دروسته‌ و به‌پێی مادده‌ی 100 له‌ یاسای سزاكانی توركیا یاساییه‌ و پێویسته‌ ئازاد بكرێت. به‌وه‌ش بڕیاری ئازادكردنی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش كه‌ نزیكه‌ی سێ ساڵه‌ له‌ گرتووخانه‌ی سزا قورسه‌كانی پارێزگای ئه‌دیرنه‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌ یه‌كلایی كرایه‌وه‌ به‌ڵام کاتی ئازادكردنی ڕانه‌گه‌یێندراوه‌.

ڕۆژی 4-11-2016 سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ به‌ تۆمه‌ته‌كانی "به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخراوی تیرۆریستی، په‌سن كردن و بانگه‌شه ‌كردن بۆ ڕێكخراوی تیرۆریستی، پێشێل كردنی یاساكانی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌، هاندانی خه‌ڵک بۆ دژایه‌تی كردنی ده‌وڵه‌ت، هاندانی خه‌ڵک بۆ ئه‌نجامدانی كاری تێكده‌ری، چه‌واشه‌كاری كردن دژ به‌ ده‌وڵه‌ت، هاندان بۆ ئه‌نجامدانی تاوان، په‌سن كردنی تاوان و تاوانباران و سووكایه‌تی كردن به‌ سه‌رۆككۆماری توركیا" ده‌ستگیر كرا و نزیكه‌ی سێ ساڵه‌ له‌ گرتووخانه‌ی سزا قورسه‌كانی پارێزگای ئه‌دیرنه‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی بیرگون

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86308

Your Comment

You are replying to: .
captcha