مه‌سعوود بارزانی ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ شه‌ڕی پارتی و په‌که‌که‌ دەست پێبکات

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دوکتۆر مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی کۆنه‌کاری کوردی عێراقی له‌ دیمانه‌یێک له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا ده‌ڵێت مه‌سعوود بارزانییه‌ که‌ نه‌یهێشتووه‌ شه‌ڕی نێوان په‌که‌که‌ و پارتی ڕوو بدات چوونکه‌ له‌ دواهه‌ڵوێستی خۆیدا ڕای‌گه‌یاند ڕێگه‌ نادات کورد خوێنی کورد بڕژێنێت.

کوردپرێس:

له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و په‌که‌که‌ گه‌شتۆته‌ لووتکه‌ و ته‌نانه‌ت باسی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ش کراوه‌.

په‌که‌که‌، پارتی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات له‌ هێرشه‌ سه‌ربازییه‌کاندا هاوکاریی سوپای تورک ده‌کات و له‌ به‌رانبه‌ریشدا پارتی هه‌واڵ و ده‌نگۆ و ئیدیعاکان له‌باره‌ی هاوکاری‌کردنی سه‌ربازی و هه‌واڵگری بۆ سوپای تورکیا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت بوونی په‌که‌که‌ له‌ خاکی هه‌رێم بۆته‌هۆی ناسه‌قامگیریی ناوچه‌که‌ و قوربانی‌بوونی خه‌ڵکی سڤیل.

مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی کۆنه‌کاری کورد له‌باره‌ی ئاڵۆزیی نێوان په‌که‌که‌ و سوپای تورکیا و هه‌روه‌ها ناکۆکیی نێوان پارتی و په‌که‌که‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: کێشه‌که‌ له‌ عه‌قڵییه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا و به‌تایبه‌تی ئه‌ردۆغاندایه‌. ئێستا لایه‌نه‌ کوردییه‌کان به‌ په‌که‌که‌ و ئۆجه‌لان و هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ داوای گفتوگۆ و ئاشتی ده‌که‌ن به‌ڵام لایه‌نی تورکی نایهه‌وێت. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی تورکیا به‌ره‌و ئاشتی بڕۆن به‌ ئاسانی هه‌موو کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بێت به‌ڵام حکوومه‌تی تورکیا تا ئێستاش سیاسه‌تی خۆی نه‌گۆڕیوه‌ و ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌ و هه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کییه‌. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی تورکیا به‌ ته‌ما بێت هه‌ر به‌ شه‌ڕ و لێدان حه‌لی بکات ئه‌وا دیاره‌ چاره‌ نابێت.

مه‌حموود عوسمان زیادی کرد: پێکدادانه‌کانی نێوان سوپای تورکیا و په‌که‌که‌ په‌لکێشی خاکی هه‌رێمی کوردستانیش کرا و کێشه‌ بۆ پارتییش دروست بوو. ڕه‌نگه‌ تورکیا هه‌وڵ بدات کوردی عێراق واتا کوردی هه‌رێمی کوردستان شه‌ڕی په‌که‌که‌ بکه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ ناکرێت چوونکه‌ هه‌ر وا که‌ ده‌زانن مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ دواهه‌ڵوێستی خۆیدا ڕای‌گه‌یاند ئه‌وان ناهێڵن کورد کورد بکوژێت. به‌ ڕای من ئه‌گه‌ر تورکیا بیهه‌وێت کێشه‌که‌ کۆتایی پێبهێنێت هه‌موو شت چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ئۆجه‌لانیش له‌ زیندان ئازاد ده‌کرێت و داواکارییه‌کانی په‌که‌که‌ش ئێستا ئه‌وه‌نده‌ زۆر نییه‌ که‌ جێبه‌جێ نه‌کرێت.

ئۆپه‌راسیۆن و جووڵه‌ی سه‌ربازیی سوپای تورکیا له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان ڕوو له‌ زیادبوونه‌ به‌ڵام چ له‌لایه‌ن هه‌ولێره‌وه‌ و چ له‌لایه‌ن به‌غداشه‌وه‌ بێده‌نگی ده‌بینرێت. مه‌حموود عوسمان له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری هه‌بوونی ڕێککه‌وتن له‌باره‌ی ئه‌و بێده‌نگییه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی وت: بڕوا ناکه‌م ڕێککه‌وتنێک له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌بێت به‌ڵام به‌ ڕه‌ئیی من ئه‌م بێده‌نگییه‌ هه‌ڵه‌یه‌. تورکیا به‌رده‌وام سنوور ده‌به‌زێنێت و به‌ فڕۆکه‌ و به‌ تۆپ له‌ خاکی هه‌رێم ده‌دات و پێشتریش چه‌ندین جار دووپاتم کردۆته‌وه‌ که‌ ده‌بێت به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ڵوێستیان هه‌بێت چ له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و چ له‌ UN ده‌توانن ده‌وری ببینن بۆیه‌ بێگومان هه‌رێمی کوردستانیش ده‌توانێت له‌و بابه‌ته‌دا ده‌وری هه‌بێت.

مه‌حموود عوسمان جه‌ختیشی کرده‌وه‌: کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌ له‌ به‌زاندنی سنوور و پێشێل‌کردنی سه‌روه‌ریی عێراق له‌لایه‌ن تورکیاوه‌، ئه‌مریکایه‌ چوونکه‌ ئه‌مریکا بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی تورکیا له‌و ناوچانه‌ بمێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا بیهه‌وێت ده‌تانه‌وێت ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکات به‌ڵام ئه‌وان له‌و شه‌ڕه‌دا له‌گه‌ڵ تورکیان و ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ کێشه‌ی زۆری دروست کردووه‌ واتا سیاسه‌تی ئه‌مریکا له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ورێکی خراپی بینیوه‌.

ناوبراو زیادیشی کرد: ئێستا ئه‌مریکا هه‌ندێک فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وانی به‌ تورکیا داوه‌ و له‌ قه‌ندیل دژی په‌که‌که‌ به‌کاری ده‌هێنن ئه‌وه‌ش نموونه‌یێکه‌ له‌و هاوکارییانه‌ی ئه‌مریکا بۆ تورکیا و ده‌وری نه‌رێنیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هاوسه‌نگیی ناوچه‌که‌. هیوادارم شه‌ڕ کۆتایی پێبێت و هه‌موو لایێک ئاشتی بێت و کوشتن و لێدان نه‌مێنێت به‌ڵکوو ئه‌م جاره‌ش تره‌مپمان له‌ کۆڵ بێته‌وه‌ و ئاشتی و سه‌قامگیری بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌که‌.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

News Code 86304

Your Comment

You are replying to: .
captcha