زیندانی‌کردنی عه‌ره‌به‌کانی که‌رکووک له‌ به‌ندیخانه‌کانی هه‌رێم ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان لێدوانی پارێزگاری که‌رکووک به‌وه‌کاله‌ت له‌باره‌ی زیندانی‌کردنی ژماره‌یێک عه‌ره‌بی که‌رکووک له‌ به‌ندیخانه‌کانی هه‌رێمی ڕه‌ت کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان کاردانه‌وه‌ی به‌ لێدوانی ئه‌مدواییه‌ی ڕاکان سه‌عید جبووری پارێزگای که‌رکووک به‌وه‌کاله‌ت پیشان دا که‌ ئیدیعای کردبوو هه‌زاران عه‌ره‌بی که‌رکووک له‌ به‌ندیخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ندن و له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ئه‌و لێدوانانه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یێندراوێکدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان هه‌واڵی چه‌ند ده‌زگایێکی ڕاگه‌یاندنی عه‌ره‌بی و ناوخۆیی به‌ "دوور له‌ وردیی و پیشه‌گه‌ریی" ناو ده‌بات که‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن نزیکه‌ی پێنج هه‌زار خه‌ڵکی که‌رکووک له‌ به‌ندیخانه‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی به‌ندن.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ دڵنیایی ده‌دات "ئه‌و بانگه‌شه‌ سیاسییانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ بوونی به‌ندکراو له‌ خه‌ڵکی که‌رکووک له‌ به‌ندیخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان هیچ بنه‌مایێکیان نییه‌ و ده‌رگاکانی به‌ندیخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان کراوه‌ن له ‌پێش ڕێکخراوه‌ مرۆیی و مافپارێزه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تی و خۆجێیییه‌کان بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌وه‌".

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا هاتووه‌: "به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ ده‌که‌ن بۆ ئه‌م تۆمه‌ته‌ بێ‌بنه‌مایانه‌ پشت به ‌گوته‌ی که‌سانێک ده‌به‌ستن وه‌ک ڕاکان جبووری که‌ شێوازی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و هه‌موو یاسا و دابونه‌ریته‌کان په‌یڕه‌و ده‌کات وه‌ک به‌عه‌ره‌بکردن و ده‌ستگرتنه‌سه‌ر زه‌وی و خانووبه‌ره‌ی هه‌موو پێکهاته‌کان له‌ که‌رکووک".

وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌یدا ڕاشی‌گه‌یاندووه‌: "هه‌مووان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ ئه‌م لێدوانه‌ خراپه‌کارییانه‌ ته‌نیا کاریگه‌رییان له‌سه‌ر خاوه‌نه‌کانیان ده‌بێت، هه‌روه‌ها ویستی ئێمه‌ ناگۆڕێ، به‌ڵکوو ڕژدی و سووربوونی هه‌رێمی کوردستان زیاتر ده‌که‌ن بۆ مانه‌وه‌، وه‌ک هه‌میشه‌ ده‌یبینن، په‌ناگه‌یێکی ئارامه‌ بۆ هه‌موو سته‌ملێکراوه‌کان به ‌بێ جیاوازیی".

وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات "ئه‌وه‌ی له‌و ڕاپۆرتانه‌دا هاتووه‌ ته‌نیا تۆمه‌تی به‌سه‌رچوون و ناوبه‌ناو دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ بۆیه‌ داوا له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ده‌که‌ین به‌ هه‌موو ئاراسته‌ و پاڵپشتیکارانیانه‌وه‌ ورد بن پێش دووباره‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی که‌ پێشوه‌خت ئاماده‌ کراون له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێک که‌ هه‌وڵی شێواندنی ناوبانگی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ده‌ن".

شایانی باسه‌؛ ڕاکان جبووری پارێزگاری که‌رکووک به‌وه‌کاله‌ت هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌ڤانیدا رایگه‌یاند که‌ هه‌زاران عه‌ره‌بی که‌رکووک له‌ به‌ندیخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ندن.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86217

Your Comment

You are replying to: .
captcha