دانووستانی نێوان کورد و دیمه‌شق گەیشتۆتە بنبه‌ست

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی گوت: نه‌ کورد و نه‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا ئاماده‌ نیین سازش له‌سه‌ر داواکارییه‌کانیان بکه‌ن و ئه‌م مه‌سه‌له‌ش دانووستانی نێوان دوو لایه‌نی گه‌یاندۆته‌ بنبه‌ست.

کوردپرێس:

له‌ ئێستادا که‌ شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سووریا له‌گه‌ڵ سه‌ربزێوان په‌لکێشی پارێزگای ئیدلب کراوه‌ سه‌رنجه‌کان به‌ره‌و مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ باکووری سووریا، داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق و دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌ باکووری سووریا ڕاکێشراوه‌. تورکیا داوا ده‌کات ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورد به‌ درێژاییی 450 کم له‌ سنووره‌ باشوورییه‌کانی له‌گه‌ڵ سووریا کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌ و بۆ ده‌سته‌به‌ربوونی ئه‌م مه‌سه‌له‌ گوشاره‌کانی بۆ سه‌ر ئه‌مریکا زیاد کردووه‌. له‌لایێکی‌تره‌وه‌ ڕووسیا که‌ هاوپه‌یمانی یه‌که‌می کورد له‌ سووریایه‌ پشتیوانیی زاره‌کی له‌ کورده‌کان ده‌کات و کوردیش له‌ هه‌نگاوه‌کانی مۆسکۆ وه‌ک نێوبژیڤانی دانووستانی نێوان کورد و دیمه‌شق ڕازی نییه‌. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌ دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف چاودێری کاروباری تورکیا و کورد له‌ په‌یمانگای په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ئه‌نجام داوه‌.

ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف پێی وایه‌ که‌ ڕووسیا ناتوانێت نفووزێکی زۆری له‌سه‌ر ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورد و ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریا بێت و به‌ بۆنه‌ی دانووستانه‌کانی له‌گه‌ڵ تورکیا له‌سه‌ر ئاینده‌ی سووریا ناتوانێت به‌ شێوه‌ی کرده‌یی پشتیوانی له‌ مافی ڕه‌وای کوردی سووریا بکات.

ناوبراو له‌باره‌ی دانووستانه‌کانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی وت: به‌ره‌وپێش‌نه‌چوونی دانووستانه‌کانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا به‌ بۆنه‌ی سازش‌نه‌کردنی دوو لایه‌نه‌ له‌سه‌ر داواکارییه‌کانیان و تا ئه‌و کاته‌ی که‌ گۆڕانکارییێکی به‌رچاو له‌ سووریا ڕوو نه‌دات هیچ پێشڕه‌وتێک له‌ دانووستانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی سووریا نایێته‌دی.

ده‌قی دیمانه‌که‌؛

کوردپرێس: ئایا دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا کۆتایی به‌ نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا ده‌هێنێت؟ ئایا ئه‌م مه‌سه‌له‌ ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ری پاراستنی ژیانی کوردی سووریا بێت؟

ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف: من پێم وایه‌ که‌ مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا زیاتر له‌وه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ کوردی سووریاوه‌ بێت به‌ستراوه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکاوه‌. دروسته‌ که‌ تورکیا پارتی یه‌کێتیی دیموکراتی کوردی سووریا (PYD) به‌ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ده‌زانێت به‌ڵام ئایدیای دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا و ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی ئه‌و وڵاته‌ به‌ بۆنه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌کانی نێوان کوردی سووریا، ئه‌مریکا و تورکیایه‌. له‌ ڕاستیدا، تورکیا هه‌وڵه‌کانی بۆ گفتوگۆی زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا چڕ ده‌کاته‌وه‌ و موناقه‌شه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا زه‌مینه‌یێکی باش بۆ پشتیوانی له‌ گفتوگۆی نێوان سه‌رکرده‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی دوو وڵات فه‌راهه‌م ده‌کات.

کوردپرێس: ڕووسیا له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست‌پێکردنی قه‌یرانی سووریا ته‌عامولێکی زیاتری له‌گه‌ڵ کوردی سووریا بوو به‌ڵام ئه‌م ڕۆژانه‌ ده‌ستێوه‌ردانێک له‌باره‌ی کاروباری کورده‌وه‌ ناکات. ئایا شتێکی نوێ ڕووی داوه‌؟

ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف: پێده‌چێت تاکوو ئێستا ڕووسیا پشتیوانی له‌ داواکاری و مافی کوردی سووریا کردووه‌ به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌ له‌ کاتێکدا بوو که‌ هیچ جۆره‌ دانووستانێک له‌ نێوان ڕووسیا و تورکیا له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ سووریا و داڕشتنی ده‌ستووری نوێ له‌و وڵاته‌دا نه‌بوو. هێشتا ڕووسیا وا بیر ده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌بێ کوردی سووریا به‌شداری له‌ دانووستانه‌کان بکات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕووسیا به‌ شێوه‌ی ئاشکرا له‌مباره‌وه‌ قسه‌ بکات مومکینه‌ هانی تورکیا بدات و سه‌رجه‌م ئه‌و کارانه‌ بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ که‌ بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ شه‌ڕی ناوخۆییی سووریا ئه‌نجام دراوه‌.

کوردپرێس: ژماره‌یێک میدیا له‌ ڕاپۆرته‌کانیاندا ڕایان‌گه‌یاندووه‌ که‌ ڕێککه‌وتنێکی نه‌نووسراو له‌ نێوان تورکیا و ڕووسیادا هه‌یه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا له‌ ئیدلبی سووریا بچێته‌ده‌ره‌وه‌ و پشتیوانی له‌ گرووپه‌ سه‌ربزێوه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ناکات و له‌ به‌رانبه‌ردا کۆنتڕۆڵی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بگرێته‌ ده‌ست. تا چ ڕاده‌یێک ئه‌م بابه‌ته‌ ڕاسته‌؟

ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف: پێشتر تورکیا به‌ڵێنی دابوو که‌ ئه‌گه‌ر ناوچه‌ی ئارام له‌ پارێزگای ئیدلب دروست بکرێت تیرۆریستان له‌ سنووره‌کانی ئه‌و پارێزگایه‌ دوور بخاته‌وه‌. ئه‌نقه‌ره‌ به‌ شێوه‌ی یه‌کلایه‌نه‌ هه‌موو مه‌ترسییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی قبووڵ کرد. ئه‌م مه‌سه‌له‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڵنه‌گرتنی هه‌نگاوه‌کانی ده‌وڵه‌تی سووریا له‌و پارێزگایه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی ئاواره‌کان دووقات نه‌بێته‌وه‌.

ڕووسیا ناتوانێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی باکووری سووریا -که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریکا و هێزی سووریای دیموکراتیکه‌-‌ ده‌ستێوه‌ردان بکات. که‌واته‌ ڕووسیا ناتوانێت له‌سه‌ر باکووری سووریا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا بکات. تورکیاش به‌ باشی ئاگای له‌و مه‌سه‌له‌ هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ من په‌یوه‌ندییێک له‌ نێوان دۆخی ئیدلب و باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا نابینم.

کوردپرێس: به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا هه‌ڕه‌شه‌ی کردبوو ڕه‌خنه‌گرتنێکی زۆرمان له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ له‌باره‌ی کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ نه‌بینی. ئه‌م مه‌سه‌له‌ هۆکارێکی تایبه‌تی بوو؟

ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف: ئه‌مریکا هێشتا وا بیر ده‌کاته‌وه‌ که‌ چۆن ده‌توانێت سزای تورکیا بدات به‌ بۆنه‌ی کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی. من پێم وانییه‌ ڕه‌خنه‌گرتنه‌کان له‌ کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی کاریگه‌ری بووبێت. کۆنگرێسی ئه‌مریکا هه‌وڵ بۆ دانانی میکانیزمێکی کاریگه‌ر بۆ سنووردارکردنی تورکیا ده‌دات و ده‌یهه‌وێت دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ناچار بکات ڕوانگه‌یێکی نوێ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بگرێته‌ به‌ر.

کوردپرێس: بۆچی ڕووسیا نه‌یتوانیوه‌ په‌یوه‌ندییێکی باش له‌ نێوان کوردی سووریا و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌و وڵاته‌ دروست بکات؟ ئایا هیوایێک به‌ باشتربوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان کورد و دیمه‌شق هه‌یه‌؟

ته‌یموور ئه‌خمه‌تۆف: من پێموایه‌ که‌ ڕووسیا نێوبژیڤانی له‌ نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا ئه‌نجام داوه‌. ڕێگایێکی زۆر بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ئارادایه‌ و هه‌ردوولاش گفتوگۆیان کردووه‌ و ئاگایان له‌ داواکارییه‌کانی یه‌کتر هه‌یه‌. به‌ڵام وادیاره‌ که‌ هه‌ردوولا ئاماده‌ نیین له‌سه‌ر داواکارییه‌کانیان سازش بکه‌ن. هه‌ردووکیان چاوه‌ڕوانی قۆناغی دواتری به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌کان له‌ سووریان به‌ڵکوو دۆخه‌که‌ گۆرانی به‌سه‌ردا بێت. مومکینه‌ ئه‌مریکا ناچار بێت سووریا به‌جێبێڵێت که‌ له‌و ئه‌گه‌ره‌دا کورد به‌و ئه‌نجامه‌ ده‌گات که‌ ئه‌مه‌ دوایین شانسی ئه‌وانه‌ بۆ دانووستانی ئاشتییانه‌‌ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق‌. به‌بێ پێشڕه‌وتێکی به‌رچاو له‌ سووریا دۆخی دانووستانی نێوان دیمه‌شق و کوردی سووریا گۆڕانێکی به‌سه‌ردا نایێت به‌ڵام هێشتا ده‌رگاکانی گفتوگۆ کراوه‌یه‌ و ڕووسیا به‌کارهێنانی به‌ستێنێکی بۆ دانووستانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق پێشنیار کردووه‌.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86208

Your Comment

You are replying to: .
captcha