مه‌سعوود بارزانی: هه‌رچیم له ‌ده‌ست بێ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كورد له ‌توركیا ده‌یكه‌م

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌سعوود بارزانی له‌ میانی کۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ شاندی هه‌ده‌په‌ به ‌سه‌رۆکایه‌تیی سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکی ئه‌و حیزبه‌ ڕایگه‌یاند: بۆ یارمه‌تیدانی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا له‌ هیچ هه‌وڵێک درێخی ناکات و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامی ده‌دات.

کوردپرێس:

ڕۆژی شه‌ممه‌ 7ی 9ی 2019 له‌ سه‌لاحه‌ددین مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی له‌ سه‌زای ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆكی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) و جێگری هاوسه‌رۆک و ژماره‌یێک له‌ په‌رله‌مانتارانی ئه‌و حزبه‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیا كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ پێزانینی هه‌بوو بۆ ڕۆڵی مه‌سعوود بارزانی له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خه‌بات و پێشخستنی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كورد. هه‌روه‌ها كورته‌یێكی له‌ بارودۆخی سیاسیی توركیا و كێشه‌ی گه‌لی كورد له‌ وڵاته‌ و سیاسه‌ت و دیدگه‌ی حزبه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد و به‌دیهێنانی ئاشتی و ته‌باییی نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و وه‌ده‌ستخستنی یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاریی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بۆ مه‌سعوود بارزانی شی كرده‌وه‌ و داوایشی كرد كه‌ بارزانی به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕۆڵ و پێگه‌یه‌ی كه‌ له ‌ناو كوردستان و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌تی یارمه‌تیی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ و سیاسییانه‌ی كێشه‌ی كورد بدات.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یێندراوی کۆبوونه‌وه‌که‌، مه‌سعوود بارزانی سه‌ردانی شاندی هه‌ده‌په‌ی بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌ گرنگ ناو برد و ئاماژه‌ی به‌وه ‌کرد که‌ هه‌ر پارچه‌یێکی کوردستان تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌ و گوتی: بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئاڵۆزییه‌كان پێویسته‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ڕه‌چاوی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا هه‌یه‌.

بارزانی جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ هیچ كێشه‌یێک به‌ كێشه‌ی گه‌لی كوردیشه‌وه‌ به‌ شه‌ڕ و توندوتیژی چاره‌سه‌ر ناكرێت و دواجار ده‌بێت ڕێگه‌چاره‌ی سیاسی و ئاشتییانه‌ سه‌ر بكه‌وێت.

سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا ئه‌وه‌ی به‌ شاندی میوان ڕاگه‌یاند كه‌ بۆ یارمه‌تیدانی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا و به‌شه‌كانی‌تر له‌ هیچ هه‌وڵێک درێخی ناكات و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی بێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامی ده‌دات.

مه‌سعوود بارزانی داوایشی له‌ شاندی میوان كرد كه‌ سه‌رباری ئاڵۆزی و بوونی گرفتی قووڵ به‌ هیچ شێوه‌یێک له‌ چاره‌سه‌ری ئاشتی نائومێد نه‌بن و ڕێگه‌یش نه‌ده‌ن كه‌ بوونی ناكۆكیی سیاسیی ببێته‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكیی نه‌ته‌وه‌ییی نێوان كورد و تورک.

جێگه‌ی ئاماژه‌پێكردنه‌ له‌و دیداره‌دا فازڵ میرانی سكرتێر و هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و عه‌لی حوسێن به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ نیشتیمانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ بوون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86203

Your Comment

You are replying to: .
captcha