کورد هەوڵ ئەدات لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بۆ کەرکووک بگەڕێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حزبەکانی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای پێکهێنانی هاوپەیمانیێکی گشتگیر و هاوبەشەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و دیکەی ناوچە کێشەلەسەرەکان بکەن و جارێکی دیکە ئیدارەی ئەو ناوچانە بەدەستەوە بگرن.

کوردپرێس: لایەنە کوردستانییەکان دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، دەیانەوێت بە هەڵبژاردن بگەڕێنەوە ناوچە جێناکۆکەکان، ئەمجارە لەهەوڵدان بە یەک لیست بچنە کێبڕکێ لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە بۆ ئەوەی ببنە لیستی گەورە و بتوانن کورسی زیاتر بهێنن.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی بڕیاری حیزبەکەی بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دروست کردنی لیستێکی هاوبەش لەگەڵ یەکێتی و حیزبە کوردستانییەکانی دیکە، بە رووداوی راگەیاندووە: "ئێمە پێمان باشە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە یەک لیست بەشداری بکەین. بۆ ئەو کارەش پارتی هەنگاوی ناوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەبێت، پشتیوان بە خودا بڕیارێکی یەکگرتوو دەدەین سەبارەت بەو هەڵبژاردنانە".

خەسرۆ گۆران، دەڵێ: "ئێمە تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی 12-5-2018ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەگەڵ ئەوەبووین کە کورد لە سەرتاسەری ناوچە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداریی بکات، سەرەڕای هەموو ئەوانەی دوای 16ی ئۆکتۆبەر روویاندا، ئەمجارەش لەگەڵ ئەوەین کوردستانیان بە یەک لیست دەنگ بدەن، هەر لە مەندەلی و خانەقینەوە تا دەگاتە شنگال، لەبەر ئەوەی لە سیستەمی نوێ هەڵبژاردن لە قازانجی لیستە گەورەکانە، ئەگەر بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکان بەتایبەت لە کەرکووک زیاتر لە یەک بۆ دوو کورسیمان بەردەکەوێت".

سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان لەسەر ئەو سکاڵایەی پێشکەشی دادگای باڵای فیدراڵییان کردووە لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، خەسرۆ گۆران گوتی: "هەر لە دوای پەسندکردنی ئەو یاسایە، دژی چەند بڕگەیێکی وەستاینەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکە راست بکرێتەوە، بڕیارە 16ی ئەو مانگە دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەو بابەتە کۆ ببێتەوە، ئومێدەوارین لە قازانجی دەنگدەران بڕیار بدرێت".

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەشڵێ: " هەر بڕیارێک بەرامبەر کەرکووک بدرێت، پێشێلی دەستوورە و نایاساییە، چوونکە ماددەی 140مان هەیە، دەبێت پێش هەموو شتێک بە قۆناخەکانی ئەو ماددەیە تێپەڕێت ئینجا هەنگاوەکانی دیکە لە کەرکووک بنرێت، بۆیە ئەو تانەیەی لە هەموواری ئەو یاسا دراوە، لەسەر 3 خاڵە، یەکێک لەو خاڵانە پرسی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووکە، خاڵەکانی دیکەش پەیوەندییان بە مافی دەنگدەرانی ئاوارە هەیە".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86197

Your Comment

You are replying to: .
captcha