ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق: چاره‌کردنی کێشه‌ی نه‌وت له‌ نێوان هه‌ولێر- به‌غدا نامومکینه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ دۆسیه‌ی نه‌وتی له ‌نێوان هه‌رێم‌ و به‌غدا هه‌رگیز له ‌ڕێگای ڕێكکه‌وتنه‌كانه‌وه‌ یه‌كلایی ناكرێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ حاڵێکدا که له‌ چه‌ندین مانگی ڕابردوودا‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق به‌ سه‌رۆکایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیران و حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیی مه‌سروور بارزانی ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر چاره‌کردنی کێشه‌ی داراییی و نه‌وتیی نێوانیان کردۆته‌وه‌ و چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌شیان له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌ و ڕایان‌گه‌یاندووه‌ که‌ پێشڕه‌وتێکی باشیان بۆ چاره‌کردنی کێشه‌کان بووه‌ به‌ڵام عه‌لی عه‌بوودی ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق چاره‌کردنی ئه‌و کێشانه‌ به‌ نامومکین وه‌سف ده‌کات.

عه‌لی عه‌بوودی زیادی کرد: ئه‌گه‌ر ڕێکكه‌وتنیش بكرێت ئه‌وه‌ هه‌رێم پێوه‌ی پابه‌ند نابێت كه‌ پێشی وایه‌ دۆسیه‌ی نه‌وت له ‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئاڵۆزترین دۆسییه‌یه‌ له‌وه‌تی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق ده‌ستی پێكردووه‌ .

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاندووه‌ که‌ هیچ ئاسۆیێک بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆسییه‌یه‌ نابینم هه‌رچه‌ند "من به‌ ڕه‌شبینییه‌وه‌ قسه‌ ناكه‌م به‌ڵكوو من باسی ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ ده‌كه‌م كه‌ هه‌رێم له‌ ڕێگای فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت نه‌ ته‌نیا هه‌ر له‌ فرۆشتنی نه‌وت له ‌ڕێگای فه‌رمی به‌ڵكوو به ‌ڕێگای قاچاخیش".

ئه‌ندامه‌که‌ی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕوونیشی کرده‌وه‌ كه‌ له ‌ژێر سایه‌ی نه‌بوونی ده‌زگایێكی چاودێری و هه‌وڵی حكومی، هه‌رێم بڕێكی زۆری نه‌وت له ‌ڕێگای ده‌روازه‌كانه‌وه‌ به‌ قاچاخ ده‌فرۆشێت.

له ‌به‌شێكی‌تردا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌زگای چاودێریی دارایی فیدراڵی له‌ ناو هه‌رێم هیچ ڕۆڵێكی چاودێری نییه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هیچ بوونێكی له‌ ناو هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌ و هه‌روه‌ها حكوومه‌تی فیدراڵیش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له ‌ناو هه‌رێم ناڕوات ئه‌وه‌ش وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ ئێمه‌ باسی دوو ده‌وڵه‌تی جیاواز له ‌ناو یه‌ک ده‌وڵه‌ت بكه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و گاڵته‌جاڕیانه‌ی ئه‌م پرۆسه‌ی سیاسییه‌ دروستی كردووه‌.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86189

Your Comment

You are replying to: .
captcha