بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم لەبارەى دوایین هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە کە یەکێکە لە خاڵەکانى کارنامەى کابینەى نۆى حکوومەتى هەرێم بە سبەی-ی راگەیاند؛ پڕۆژەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەکراوە و ئێستاش لە دیراسەکردندان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجا و بۆ جێبەجێ کردنی.
زانیارییە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تا ئێستا 160 بۆ هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە وەزارەتى پێشمەرگە و هێزەکانى 70 و 80 مووچەخۆرن و لە ئەرکدان بێ ئەوانەى خانەنشینن، هەروەها لەو ژمارەیە نزیکەى 40 هەزاریان یەکخراونەتەوە و هێشتا 120هەزار پێشمەرگە ماون کە لە چوارچێوەى میلاکى کارگێڕى و ژمێریارى هێزەکانى 70 و 80دان و پێویستە یەکبخرێنەوە.
سەبارەت بە پێویستیى یەکخستنەوەی یەکەی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەکەی هێزەکانی 70 و 80 بۆئەوەى هێزەکان بەتەواوى لە ژێر یەک چەتردا بن، جەبار یاوەر دەڵێت: "لە پڕۆژەکەماندا جەخت لەسەر یەکستنى یەکەى ژمێریارى هێزەکانیش کراوەتەوە، ئامادەکراوە و کاری لەسەر دەکەین.
لەبارەی رۆڵی هاوپەیمانانیشەوە لە پرسی یەکخستنەوەی هێزەکان، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، کە راوێژکارانی ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، ئێستاش هۆڵەندا کە لەم چەند رۆژی رابردوو گرێبەستی ئیمزا کردووە بەشدارن لە پرسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیشى دەکەن.
هەروەک دووپاتى دەکاتەوە جگە لە بوونی نییەتی جددی، هاوکات بڕیار هەیە کە لەم کابینە نوێیەی حکوومەت پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت لە رێگەی گرتنەبەری میکانیزمی گونجاوەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment