تورکیا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر باکووری هەولێر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شه‌وی رابردوو فڕۆكه‌یێكی توركیا بۆ یه‌كه‌مینجار ناوچه‌یێكی دووره‌ ده‌ستی هه‌رێمی كوردستانی بۆردوومان كرد، ئۆتۆمبێلێكی له‌ كوێستانی سارتكه‌ی دۆڵی روستی سه‌ر به‌قه‌زای چۆمان کردە ئامانج كه‌ دوو گه‌ریلای په‌كه‌كه‌ی تێدا بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فه‌یسه‌ل حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری شارۆچکەی سمیلانی سه‌ر به‌ قه‌زای چۆمان به‌ رووداوی رایگه‌یاند: "پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ سنووره‌كه‌دا بنكه ‌و باره‌گایان نییه‌، به‌ڵام ناوچه‌كه‌ به‌ ده‌ڤه‌ری برادۆست ده‌به‌ستێته‌وه ‌و زۆرجار په‌كه‌كه‌ هاتووچۆی تێدا ده‌كات".

به‌ڕێوه‌به‌ری شارۆچکەی سمیلانی سه‌ر به‌ قه‌زای چۆمان لەبارەی بۆردوومانەکەوە گوتی: "دره‌نگانی شه‌وی رابردوو بوو كه‌ فرۆكەیێكی توركیا هاته‌ ئاسمانی ناوچه‌كه ‌و دوای نیو كاژێر سووڕانه‌وه‌، كوێستانه‌كانی سارتكه ‌و شیوێ زایێی له‌ سنووری شارۆچکەی سمیلان بۆردوومان كرد و له‌ بۆردوومانه‌كه‌شدا ئۆتۆمبێلێكی په‌كه‌كه‌ی پێكاوه‌ كه‌ دوو گه‌ریلای تێدا بووه‌ و سووتاوون".

ئه‌و كوێستانانه‌ی شەوی رابردوو بۆردوومان كران، بەرزترین ناوچه‌ی عێراقن و ده‌كه‌ونه‌ بناری چیای هه‌ڵگورد كه‌ به‌رزی له‌ ئاستی رووی ده‌ریاوه‌ 3706 مه‌تره‌. واری جوتیار و مه‌ڕدارانه‌ و له‌م وه‌رزه‌دا به‌ سه‌دان خێزان تێیدا سه‌رقاڵی كار و كاسبین.

هێرشی ئاسمانی کرایەسەر خواکوڕک

بە هاوئاهەنگیی سوپای توركیا و ده‌زگای هه‌واڵگری MIT، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی كرایه‌‌ سه‌ر ناوچه‌ی خواكوڕک و لە ئەنجامدا، پێنج گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان گیانیان لەدەست دا.

به‌پێی راگەیەندراوێکی وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا ئەو پێنج گەریلایە‌ "زووتر لە ناوچەکە به‌دیكرا بوون و لەڕێی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییەوە کوژراون".

ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوەکوو ئێستا ئەم راگەیێندراوەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەلایەن میدیاکانی نزیک لە پەکەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە و هیچ روونکردنەوەیێکیان لەمبارەیەوە نییە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86080

Your Comment

You are replying to: .
captcha