ئاسۆی دانووستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ده‌وری ئه‌مریکا له‌ ئاڵۆزتربوونی مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دوکتۆر مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی کۆنه‌کاری کوردی عێراقی گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردووه‌ و دۆخی ئێستای هاوکێشه‌ی سیاسی بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یشتنی گفتوگۆکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ باشتر وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت ئه‌مه‌ریکا ده‌وری بینیوه‌ له‌ ئاڵۆزترکردنی مه‌سه‌له‌ی کێشه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان.

کوردپرێس:

به‌غدا یه‌که‌م وێستگه‌ی مه‌سروور بارزانییه‌ پاش ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی وه‌زیرانی کابینه‌ی نۆیه‌می وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌. ناوبراو پێشتر یه‌ک له‌ ڕێکخه‌ران و پێشه‌نگانی جیابوونه‌وه‌ی کوردستان له‌ عێراق بوو و به‌غدای به‌ وڵاتی دراوسێ ناو ده‌برد. ئێستا له‌ پۆسته‌ نوێیه‌که‌یدا و به‌ که‌شێکی نوێی سیاسییه‌وه‌ باسی کۆتایی‌هێنان و چاره‌کردنی ناکۆکییه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری عێراقی ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌که‌مایه‌تیی کاره‌کانی کابینه‌ی مه‌سروور بارزانی ده‌بێت. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ هه‌لومه‌رجه‌که‌ له‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ر گۆڕدراوه‌. ئێستا که‌سێک له‌سه‌ر کورسیی باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی به‌غدایه‌ که‌ نێوانی له‌گه‌ڵ کورد باشه‌ و زیاترین شاره‌زاییشی له‌ کاروباری کورده‌کان هه‌یه‌ و چ له‌و سه‌رده‌مه‌شدا که‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو و چ له‌و کاته‌وه‌ که‌ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی وه‌رگرتووه‌ زیاترین مودارای له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان کردووه‌.

به‌ گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسه‌ فه‌رمییه‌ کورد و عێراقییه‌کان ڕۆژانی داهاتوو خولێکی نوێی گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ دوکتۆر مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی کوردی کۆنه‌کاری عێراقی کردووه‌ که‌ خۆی له‌ چه‌ندین خولی په‌رله‌مانی عێراقدا ئه‌ندام په‌رله‌مان بووه‌ و ده‌وری گرنگ و شوێندانه‌ری له‌ ڕه‌وتی کوردی بینیوه‌ و چ له‌ سه‌رده‌می خه‌باتی دژ به‌ دیکتاتۆرییه‌تی سه‌دام حسێن و چ له‌ خولی نوێی عێراق واتا پاش 2003ش ده‌وری بینیوه‌. کوردپرێس مه‌به‌ستیه‌تی له‌و دیمانه‌یه‌دا ئاسۆی خولی نوێی گفتوگۆکانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی عێراق ڕوون بکاته‌وه و‌ له‌باره‌ی ئاسته‌نگه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌کانی گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ده‌وری وڵاتانی ده‌ره‌کی له‌و دانووستانانه‌دا دوکتۆر مه‌حموود عوسمان بدوێنێت.

ده‌قی دیمانه‌که‌:

کوردپرێس: به‌ وته‌ی به‌رپرسانی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان بڕیاره‌ له‌م یه‌ک دوو ڕۆژه‌دا وه‌فدێکی باڵای هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غدا بکات له‌پێناو چاره‌سه‌ری کێشه‌کاندا. ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌م قۆناغه‌دا چۆن ده‌بینن به‌ تایبه‌تی که‌ که‌سێکی وه‌ک مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌ت ده‌کات و ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ ئیراده‌ی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌؟

مه‌حموود عوسمان: سه‌ردانه‌که‌ ته‌بعه‌ن باشه‌. باشتر وایه‌ زووتر بچن و له‌ نزیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک دابنیشن. ئێستا هه‌ندێک کێشه‌ی گرنگ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ وه‌ک مه‌سه‌له‌ی بودجه‌، مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و مه‌سه‌له‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ پێیان ده‌ڵێن ناوچه‌ی ماده‌ی 140. پێویسته‌ ئه‌م جاره‌ هه‌وڵ بده‌ن زۆر به‌ جیدی له‌گه‌ڵ به‌غدا خه‌ریک بن. کاتێک وه‌فدێک ده‌چێته‌ به‌غدا نابێت هه‌مان ڕۆژ بگه‌ڕێته‌وه‌. پێویسته‌ هه‌فته‌ و دوو هه‌فته‌ بمێننه‌وه‌ و گفتوگۆی ته‌واو بکه‌ن و هه‌موو لایه‌نه‌کان ببینن و له‌ نه‌جه‌ف چاویان به‌ ئایه‌توڵڵا سیستانی بکه‌وێت و قه‌باره‌کانی دیکه‌ش وه‌کوو سه‌در به‌ سه‌ر بکه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌نجام چوونکه‌ ئه‌مانه‌ له‌ عێراقدا شتیان به‌ده‌سته‌. ئێستاش ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامه‌که‌ی بکه‌ین بزانین چی لێ ده‌رده‌چێت.

کوردپرێس: له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوودا به‌رده‌وام به‌رپرسانی هه‌رێم به‌ سه‌رۆک وه‌زیران و نوێنه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدایان کردووه‌ و تا ئێستاش ئه‌و دۆسیانه‌ی ئاماژه‌تان پێدا وه‌ک گرێ کوێره‌ ماوه‌ته‌وه‌. چی له‌ هاوکێشه‌که‌ گۆڕاوه‌ که‌ ئه‌مجاره‌ هیوایێک به‌وه‌ ببێت که‌ ئێمه‌ بڵێین کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن؟

مه‌حموود عوسمان: دوو فاکته‌ر بۆ ئه‌م هیوادارییه‌ هه‌یه‌؛ فاکته‌ری یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ وا ئێستا سه‌رۆک وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی شاره‌زای کوردستانه‌ و ماوه‌یێکی زۆر بۆ خۆی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ له‌ شاخ بووه‌ و هه‌موو مه‌سئووله‌کانی کورد ده‌ناسێت و تێگه‌یشتنی هه‌یه‌ بۆ کێشه‌کان. دووهه‌م فاکته‌ری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ کوردستان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ئه‌و ڕیفراندۆم و ئه‌و شتانه‌ی کرا ئه‌نجامی نه‌بووه‌ و پێویسته‌ کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکرێت. به‌پێی به‌رنامه‌ی حکوومه‌ت چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ پێش هه‌موو کێشه‌کانی‌تره‌وه‌یه‌ و ئه‌و دوو فاکته‌ره‌ش ده‌وریان هه‌یه‌ له‌ چاره‌کردنی کێشه‌کان به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و وه‌فده‌ی ده‌چێته‌ به‌غدا له‌وێ بمێننه‌وه‌ و په‌له‌ نه‌که‌ن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ چوونکه‌ ئه‌وه‌ هیچ سوودی نییه‌. من پێشنیاریش کردبوو بۆ ئه‌م کابینه‌یه‌ که‌ وا وه‌زاره‌تێکی تایبه‌تی پێکبهێنن و ناوی بنێین وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ڵام دیاره‌ نه‌یانکردووه‌. به‌ ڕه‌ئیی من باشتر وایه‌ ده‌زگایێکی تایبه‌تی هه‌بێت سه‌رپه‌ره‌شتیی ئه‌و کاره‌ بکات.

کوردپرێس: ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌سێکی وه‌ک عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ به‌غدا حکوومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌ڵام هه‌رێمی کوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای بودجه‌ی 2019 بۆ ڕاده‌ست‌کردنی نه‌وت تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت یه‌ک به‌رمیلی ڕاده‌ستی به‌غدا نه‌کردووه‌ پێتان وایه‌ ئایا حکوومه‌تی هه‌رێم قایل ده‌بێت به‌وه‌ی نه‌وته‌که‌ی ڕاده‌ست بکات یان مه‌رجی هه‌یه‌ یان خود حکوومه‌تی به‌غدا ڕازی ده‌بێت به‌م بارودۆخه‌ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم بکات؟

مه‌حموود عوسمان: نه‌خێر به‌غدا قایل نه‌بووه‌ که‌ به‌ بێ ڕاده‌ست کردنی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ڕێکبکه‌وێت و به‌شی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌که‌ له‌ بودجه‌ی هه‌رێم که‌م ده‌کات. خاڵێکی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه‌ موشکیله‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی پاره‌ی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا بۆ نموونه‌ حکوومه‌تی به‌غدا ده‌عوایێکی له‌سه‌ر تورکیا قه‌ید کردووه‌ که‌ ده‌ڵێت ئه‌نقه‌ره‌ 26 ملیار دۆلار نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانی به‌ بێ ئاگاداریی به‌غدا فرۆشتووه‌ و پێویسته‌ پاره‌که‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا و ئه‌گه‌ر تورکیا نه‌یدات ده‌بێت هه‌رێم بیداته‌وه‌. له‌لایێکی دیکه‌وه‌ هه‌رێمیش قه‌رزی له‌سه‌ر به‌غدایه‌ قه‌رزی ئه‌وه‌ی که‌ وا قه‌ره‌بووی ئه‌نفال و کیمیاباران نه‌کراوه‌ته‌وه‌ و چه‌ند ساڵ به‌غدا بودجه‌ی نه‌ناردووه‌ و زۆر قه‌رزی دیکه‌ش بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ردوولا ئه‌و شتانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن و یه‌کلای بکه‌نه‌وه‌.

کوردپرێس: له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو بۆ هه‌موو که‌س سه‌لما که‌ حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ بێ ڕاده‌ست‌کردنی بودجه‌ له‌ به‌غداوه‌ ناتوانێت ته‌نانه‌ت مووچه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان به‌ ته‌واوه‌تی بدات. حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ ئێستا نه‌وته‌که‌ی ڕاده‌ست ناکات شاره‌زای ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ و ئێستاش نزیک ده‌بینه‌وه‌ له‌ موناقه‌شه‌ی بودجه‌ی 2020 له‌ په‌رله‌مانی عێراق. ئه‌گه‌ر گفتوگۆکان نه‌گاته‌ ئه‌نجام و دیسان هه‌مان قه‌یران سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ پێشبینیی به‌ڕێزتان چییه‌؟

مه‌حموود عوسمان: پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ی بودجه‌ی 2020 بچێت بۆ په‌رله‌مان یان خود په‌سه‌ند بکرێت له‌گه‌ڵ یه‌ک ڕێکبکه‌ون چوونکه‌ ئێستاش چه‌ند مانگێک بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌. ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ ئه‌نجام دوور نییه‌ بودجه‌که‌ی 2020 وه‌کوو بودجه‌ی 2019 نه‌بێت چوونکه‌ زۆر لایه‌ن له‌ به‌غدان و پێیان وایه‌ نابێت به‌و شێوه‌ بێت که‌ 2019 نووسراوه‌ و هه‌رێمیش نه‌وتی بۆ به‌غدا نه‌ناردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌م کێشه‌یه‌ هه‌یه‌. پێویسته‌ زووتر په‌له‌ بکه‌ن و بکه‌ونه‌ گفتوگۆی جیدی و هه‌وڵ بده‌ن چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌کان بدۆزنه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی بودجه‌ی 2020 بێته‌ په‌رله‌مان و گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێت.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ بابه‌تی پێشمه‌رگه‌ دا که‌ هه‌رێم ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا باسی بکات. یه‌ک له‌ پرسه‌کانی دیکه‌ش له‌باره‌ی پێشمه‌رگه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کانه‌. به‌م هاوسنوورییه‌ی که‌ ئێستا له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ ئایا ئاقاری ئه‌وه‌ ده‌بینن پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌؟

مه‌حموود عوسمان: گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ئاسان نییه‌ به‌ڵام پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ چوونکه‌ داعش ئێستا که‌وتۆته‌وه‌ جموجووڵ و بوونی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناو سوپا و له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی به‌یه‌که‌وه‌ سوودی ده‌بێت چوونکه‌ پێشمه‌رگه‌ شاره‌زاییی زۆری له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌م کێشه‌یه‌ کاتی خۆی چوونکه‌ ئه‌مریکا ده‌ستی تێ خست و له‌گه‌ڵ کورد و له‌گه‌ڵ به‌غدا که‌وته‌ گفتوگۆ و دۆخه‌که‌ ئاڵۆز بوو. هاوکات زۆر لایه‌نی عێراقی گوتیان چوونکه‌ ئه‌مه‌ریکای تێدایه‌ ئێمه‌ نایکه‌ین واتا ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا ده‌ستی تێ نه‌خستبا ئاسانتر ده‌بوو بگه‌نه‌ ئه‌نجام بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ش ئاماده‌ بێت و بتوانن به‌یه‌که‌وه‌ شه‌ڕی داعش بکه‌ن.

کوردپرێس: پێتان وایه‌ له‌م گفتوگۆ نوێیانه‌دا که‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ست پێده‌کات ڕۆڵی لایه‌نی ده‌ره‌کی وه‌ک لایه‌نی ئه‌مه‌ریکی یان دراوسێکانی عێراق چۆن ده‌بێت؟

مه‌حموود عوسمان: بێگومان وڵاتانی ده‌ره‌کی ڕۆڵیان ده‌بێت و به‌ ڕه‌ئیی من ئێران ده‌توانێت ڕۆڵی سه‌ره‌کیی ببێت چوونکه‌ ئێران دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان هه‌یه‌ و له‌ کۆنه‌وه‌ له‌ عێراق په‌یوه‌ندیی هه‌بووه‌ بۆیه‌ ته‌ئسیری له‌سه‌ر حکوومه‌تی به‌غدا ده‌بێت. له‌گه‌ڵ کوردیش ده‌توانێت شوێندانه‌ریی هه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێران ده‌توانێت له‌ هه‌موو لایه‌نێک زیاتر ڕۆڵ ببینێت. بێگومان ئه‌گه‌ر UN و ئه‌وانه‌ش بتوانن ده‌وریان هه‌بێت ئه‌وه‌ش باشه‌.

به‌ ڕه‌ئیی من بڕوا ناکه‌م ئه‌مریکا ئه‌وه‌نده‌ ده‌ور ببینێت. ڕه‌نگه‌ هه‌ر له‌ ئاستی قسه‌کردن و ئه‌و شتانه‌دا بێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85980

Your Comment

You are replying to: .
captcha