بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی سێشەمە 5ی خەرمانان بەرانبەر بە 27ی ئابی 2019 عەلی ئەکبەر ساڵحی سکرتێری ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە لێدوانێکدا باسی زیاد کردنی ڕێژەی یورانیۆمی پیتێندراوی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند: بە ئاشکرا بە گەلی ئێرانی ڕادەگەیێنین کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئاستی یورانیۆمی بەرهەمهێنراو لە 10 تەنەوە گەیشتۆتە 30 تەن و بەنیازین ئەو ڕێژەیە بۆ 50 تەنیش بەرز بکەینەوە.
ساڵحی گوتیشی یورانیۆمە بەرهەمهێنراوەکان بۆ کاروباری وەرزێری و پزیشکی و مەسرەفی ناوخۆ بەکار دەهێنین و ئاشکراشی کرد ئێستا ئێران سەرقاڵی کردنەوەی پڕۆژەیێکی ئەتۆمیی گرینگ و گەورەیە.
ناوبراو لە بارەی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە زیادی کرد: نەخۆشخانەیێکی ئەتۆمیی مۆدێڕن و گەورە بە دەستەوەیە و بەم زووانە لە ئێران دەکرێتەوە کە زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری بۆ سەرف کراوە و لە هەموو جیهاندا تەنها 6 نموونەی ئەو نەخۆشخانە ئەتۆمییە بەرهەم هێنراوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد نەخۆشخانە ئەتۆمییەکە بە ڕووبەری 10 هێکتار (40 دۆنم) لە شاری ئەلبورز (کەرەج) دەکرێتەوە.
Your Comment