حکوومەتى هەرێم داواى هەماهەنگیى زیاترى پێشمەرگە و سوپاى عێراق دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت کابینەى نۆیەم کار دەکات بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و شاندێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراقیش سەردانى هەولێر دەکات.

کوردپرێس:

رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لەمیانى دەرچوونى ژمارەیێک ئەفسەرى زێرەڤانى راگەیاند" ئێمە داوا لە ئەمریکا و حکوومەتى عێراق دەکەین کە ئاگاداریى زیاتر هەبێت لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لەو ناوچانەى تازە لەدەستى داعش رزگار کراون، چوونکە هێشتا داعش لەناو نەچووە و لە هەندێ ناوچە سەریان هەڵداوەتەوە".

وەزیرى ناوخۆى هەرێم بەناوى حکوومەتى هەرێمەوە دووپاتی کردەوە کە هەرێمى کوردستان پابەندە بە رووبەرووبوونەوەى تیرۆر و بەتایبەت لەناوبردنى چەکدار و پاشماوەکانى داعش.

رێبەر ئەحمەد داواشى کرد پەلە بکرێت لە ئاسایی­کردنەوەى دۆخى ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و گەڕانەوەی پیشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە.

وەزیرى ناوخۆ وتیشى"چاوەڕێی حکوومەتى عێراق دەکەین بۆ ئەوەى ئەو لێکتێگەیشتنەى لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووە جێبەجێ بکرێت".

لەبارەى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەش وەزیرى ناوخۆ جەختی کردەوە لە کابینەى نۆیەمدا بەتایبەت لەلایەن سەرۆکى حکوومەتەوە هەوڵى جدى هەیە بۆ رێکخستنەوەو یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە و هەیکەلیەتى وەزارەتى پێشمەرگە.

لەلایێکى ترەوە وەزیرى ناوخۆ بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکەن.

هەروەها رێبەر ئەحمەد باسى لەوە کرد، شاندەکە تایبەتە بە وەزارەتی ناوخۆ و تایبەتتریش دەبێت بە گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وەزارەت. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا باسی کۆی ئەو کێشانە بکەن کە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن.

News Code 85961

Your Comment

You are replying to: .
captcha