موقته‌دا سه‌در تۆمه‌تباركردنی ئیسرائیل به‌ هێرشه‌كانی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در تۆمه‌تبارکردنی ئیسرائیل به‌ هێرشه‌کانی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كات دان به‌خۆیاندا بگرن و له‌ كاتی پشتڕاستبوونه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئیسرائیل بۆردومانه‌كانی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌ تاكلایه‌نانه‌ بڕیار نه‌ده‌ن.

کوردپرێس:

ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 26ی ئابی 2019 موقته‌دا سه‌در له‌ توویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ر گوتی: "من ئه‌ستۆپاكی بۆ "سه‌هیۆنی دوژمن" له‌ تاوانه‌ تیرۆریستییه‌كانی له‌ عێراق ناكه‌م به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ ئه‌و هه‌رگیز كارێكی له‌و جۆره‌ ناكات چوونكه‌ خۆی باش ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ ده‌زانێت كه‌ چه‌نده‌ ئاسایش و هه‌ژموونه‌كه‌ی هه‌ژێنه‌ر ده‌بن، سه‌هیۆنییه‌كان له‌وه‌ش تێده‌گه‌ن كه‌ كۆتاییه‌كه‌یان له‌ عێراقه بۆیه‌ خۆیان ناخه‌نه‌ یاریێكی له‌م شێوه‌یه‌ كه‌ زۆر له‌ قه‌باره‌ی ئه‌وان گه‌وره‌تره‌."

سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "پێویسته‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق به‌ سه‌رپه‌رشتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌له‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بكات. ئه‌گه‌ر پشتڕاست كرایه‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل ئه‌و تاوان و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ی ئه‌نجام داوه‌ ئه‌وا پێویسته‌ هه‌موو لایێک دان به‌خۆیاندا بگرن و به‌ تاكلایه‌نانه‌ بڕیار نه‌ده‌ن چوونکه‌ عێراق چیتر به‌رگه‌ی ئه‌و جۆره‌ ڕه‌فتاره‌ گێره‌شێوێنانه‌ ناگرێت."

سه‌در له‌ توویته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ به ‌سه‌ر ئیسرائیلدا ساخ بوونه‌وه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بانگهێشتی سه‌ر مێزێكی بازنه‌یی ده‌كه‌م كه‌ گه‌نده‌ڵكاران ده‌سه‌ڵاتیان به ‌سه‌ر ئه‌و مێزه‌وه‌ نه‌بێت و هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ش حوكم له‌و مێزه‌ نه‌كه‌ن كه‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌منییان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا واژۆ كردووه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ تاوان ده‌زانن ده‌بێت كۆبوونه‌وه‌كه‌ عێراقی بێت و ته‌نانه‌ت نابێت ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌ستوه‌ردان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بكه‌ن كه‌ بوونی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌ ناوچه‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌تا ئه‌وانه‌ش كه‌ هه‌وڵی ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ده‌ده‌ن و هه‌وڵه‌كانی داخستنی باڵیۆزخانه‌كانیان له‌ وڵاته‌كه‌یان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ بڕیاره‌كه‌ بڕیارێكی ڕاوێژكاریانه‌ و له‌‌ زووترین كاتدا بێت، هه‌وره‌ها ده‌بێت هه‌نگاوه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تاوتوێ بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی عێراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ قوربانیدان دوور بخه‌ینه‌وه‌."

ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در دووپاتی كرده‌وه‌: "پێویست ناكات لێدوانی ئاگرین و به‌یاننامه‌ی سۆزداری بدرێن به ‌بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی كارا و ڕاسته‌قینه‌ی هه‌بێت ئه‌گه‌رنا ئه‌و كات عێراق ده‌بێته‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و دواتر پێویسته‌ له‌ سه‌رمان مه‌ترسییه‌كان به‌لاوه‌ بنێین و ده‌بێت چه‌ک بكه‌وێته‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ت و ته‌واوی باره‌گاكان دابخرێن و سه‌رجه‌م كۆگاكانیش ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌ت بكرێنه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرێت ئه‌وا سه‌رپێچیكاران عێراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ر خۆشیان ده‌بنه‌ هۆی وێرانكاری له‌ وڵات."

سه‌در له‌ کۆتاییدا ڕای‌گه‌یاندووه‌: "هه‌روه‌ک پێویسته‌ له‌ هه‌موو لایێكه‌وه‌ پارێزگاری له‌ سنووره‌كانی عێراق بكرێت به‌ تایبه‌ت سنووری نێوان عێراق و سووریا و پێویسته‌ ته‌واوی گرووپه‌كان له‌ "سووریای خۆشه‌ویست" بكشێنرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا عێراق ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ كاتێک ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌بێته‌وه‌ به‌ خوێنی ڕۆڵه‌كانی پارێزگاری لێ بكرێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا جه‌خت له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌رجه‌عه‌كانمان ده‌كه‌م چوونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووی گرنگتره‌ فتوای یه‌كگرتووی ئه‌وانه‌ بۆ ئێمه‌ و بۆ نیشتیمانپه‌روه‌ره‌كانمان."

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی به‌غداد ئه‌لیه‌وم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85956

Your Comment

You are replying to: .
captcha