کوردپرێس:
عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت بە دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك و دواكەوتنی ئەو پرسە رایگەیاند، "پرسی دانانی پارێزگاری كەركووك بەندە بە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتوون لەسەر كاندیدێك."
عەدنان موفتی سەبارەت بە بوونی كێشە لە نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر ئەو رێككەوتنەی پێش پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم ئەنجام درابوو رایگەیاند "من نەمبیستووە هیچ ناكۆكییەك لەوبارەیەوە هەبێت، ئەگەر ناكۆكییێک هەبێت لە لایەن كەسێكەوە یان ئەندامێكی پارێزگا یان ئەندامێكی یەكێتی یان پارتی هەیە، بەڵام ئەوەی هەیە رێككەوتن لە نێوان یەكێتی و پارتی هەیە و دەبێت جێبەجێ بكرێت".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەمەڕ یەك لیستی لایەنە كوردستانییەكانیش بۆ هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی دیكەش روونی كردەوە "یەك لیستی گرنگە، لەبەر ئەوەی كەركووك نە هەولێرە نە سلێمانی-یە، كەركووك ناوچەیێكە دابڕاوە لە هەرێمی كوردستان، هەمووان ئاواتییانە كەركووك و ناوچەكانی دیكەش بگەڕێنەوە بۆ سەر كوردستان، بۆیە دەبێت یەك لیست بین".
عەدنان موفتی هەروەها وتی: "پێویستە دیالۆگ لەگەڵ توركمان و عەرەبیش لە كەركووك بكرێت، دەبێت گەرەنتییان پێ بدرێت مافەكانیان پارێزراو دەبێت، ئەمە دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقیش هەبێت، دەبێت ئەو گەرەنتییە بدرێت كە مەبەستمان لە سەپاندنی ئیرادەنییە".
Your Comment