هه‌سه‌ده بۆ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا‌: دانووستانه‌کان بۆ چاره‌کردنی قه‌یرانی وڵات ده‌ست پێبکه‌ن

به‌شی سووریا- سوپای سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی خۆی به‌ڕێوه‌ برد و له‌ دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌یاننامه‌یێکی ده‌رکرد و ئاماژه‌ی به‌ دانووستانه‌کانی ناوخۆی سووریا له‌ نێوان پێکهاته‌ جۆراوجۆره‌کان کرد و له‌ په‌یامێکدا بۆ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا گوتی: دانووستانه‌کان بۆ چاره‌کردنی قه‌یرانی سووریا ده‌ست پێبکه‌ن.

کوردپرێس:

کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی سوپای سووریای دیموکرات به‌ به‌شداریی فه‌رمانده‌ی حیزبه‌ جۆراوجۆره‌کان و به‌بێ ئاماده‌بوونی ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌ڕێوه‌ چوو و دواتر ئه‌نجامنامه‌یێک له‌لایه‌ن مسته‌فا بالی وته‌بێژی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی هه‌سه‌ده‌وه‌‌‌ خوێندرایه‌وه‌ و دواتر کۆتایی هات.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی عه‌فرین کرا‌ و هاتووه‌: ده‌وڵه‌تی تورکیا عه‌فرینی داگیر کرد و هه‌وڵ ده‌دات به‌ره‌یێکی نوێ له‌ دژی هێزه‌کانمان بکاته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ش کاریگه‌رییێکی نه‌رێنی بووه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی شه‌ڕ و تێکۆشانه‌که‌مان له‌ دژی گرووپی تیرۆریستیی داعش. ئه‌مڕۆ جارێکی دیکه‌ ئێمه‌ ئه‌و بانگه‌وازییه‌ دووباره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌وڵ ده‌دات به‌ره‌یێکی نوێ له‌ دژی هێزه‌کانمان بکاته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ش کاریگه‌رییێکی نه‌رێنی و گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر شه‌ڕه‌ هاوبه‌شه‌که‌مان له‌گه‌ڵ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌ دژی داعش له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ هاوکاری هه‌وڵه‌کانی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌که‌ین به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیا بگه‌نه‌ شێوازێکی لێکتێگه‌یشتن که‌ میکانیزمی پاراستنی ئاسایش و ئارامی هه‌رێمه‌کانی سنوور ده‌سته‌به‌ر بکات.

له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌ی هه‌سه‌ده‌ باس له‌ په‌یامێک بۆ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا کراوه‌ و ڕاگه‌یێندراوه‌: لێره‌وه‌ جارێکی دیکه‌ بانگه‌وازی بۆ حکوومه‌تی سووریا ده‌که‌ین که‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌رێکی گونجاو بۆ دۆخی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌ گشتی و دۆزی کورد به‌ تایبه‌تی بدۆزێته‌وه‌ و دان بنێت به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانی گه‌لی سووریا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌مه‌جۆرایه‌تی. هه‌روه‌ها بانگه‌وازی بۆ حکوومه‌ت ده‌که‌ین که‌ دیالۆگی سووری-سووری، دانووستان له‌گه‌ڵ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیک له‌سه‌ر بنه‌مای دانپێدانانی به‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌، تایبه‌تمه‌ندی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات قبووڵ بکات و دان بنێت به‌ مافه‌کانی گه‌لی کورد، سریان و ئاشوور له‌ چوارچێوه‌ی سووریایێکی دیموکرات، هه‌مه‌ڕه‌نگ و لامه‌رکه‌زی.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هاوارنیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85926

Your Comment

You are replying to: .
captcha