کوردپرێس: سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی عێراق، دوای سەرپەرشتی كردنی كۆبوونەوەیێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی حزبەكەی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی، كۆنگرەیێكی رۆژنامەوانی ئەنجام دا.
سەعدی ئەحمەد پیرە سەرەتا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان چووە سەر پرسی پارێزگاری كەركووک و دوایین هەوڵەكان بۆ دانانی پارێزگار و وتی: ''دانانی پارێزگاری نوێی کەرکووک بە تەنها بە یەكێتی و پارتی ناكرێت و پێویستی بە بوونی زۆرینەیێک هەیە لەناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک كە رەنگە ئەو زۆرینەیەش بەدەست نەیەت و لە دوای ئەوەیش پێویستی بە رەزامەندیی حكوومەتی عێراق و دەركردنی فەرمانی دەستبەكار بوونی ئەو پارێزگارە هەیە''.
سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە پرسی كۆنگرەی ناوخۆی حزبەكەشی رایگەیاند لە ماوەی رابردوودا بە بۆنەی كۆچی دوایی سكرتێری گشتی حزبەكە، جەلال تاڵەبانی و شەڕی داعش و دۆخی ئابورییەوە سازدانی كۆنگرە دواخراوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ پاساوێک نەماوە بۆ دواخستنی كۆنگرە و هەموو سەركردەكانی حزبەكەش باسی كۆنگرە دەكەن و بڕیاری مەكتەبی سیاسی دەرچووە بۆ بەستنی كۆنگرە لە ساڵی ٢٠١٩دا و وتی: ''وادەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی بەسەرچووە و پێویستە كۆنگرە بگیرێت، بەڵام كۆنگرە نابێت وەک ئەوەی ئێستا یەكێتی دەیكات و ئەوەندەی لەسەر باس دەكات و ئەوەندەی قسە لەسەر دەكات وەک ئەوەی شتێكی گرنگ بێت، لەكاتێكدا كۆنگرە لە ئامرازەوە كراوەتە ئامانج لەناو یەكێتی، ئەوەیش تەنها یەكێتی خۆی وای لێكردووە، كۆنگرە ئامرازە و نوێكردنەوەی سەركردایەتی حزبەكەیە و بۆ بەرەوپێشچوون و نوێكردنەوەی بەرنامەی خۆیەتی، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە هەر لایەنێكی بیانیش سەردانمان دەكات هەر باسی كۆنگرە دەكات''.
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر وتی: ''كۆنگرە مەكتەبی سیاسی بڕیاری لێدەدات و سەركردایەتیش تەسدیقی دەكات، هەیئەتی هەیە و ئەوراقەكانی كۆنگرەش بەشێكی ئامادەیە و بەشێكی تری پێویستە ئامادە بكرێت، بڕیارێكی مەكتەبی سیاسییە كە ساڵی ٢٠١٩كۆنگرە دەگیرێت تەنها ماوەتەوە كە رۆژەكەی دیاری بكرێت و لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی بەپرس و راوێژ لەگەڵ مەڵبەندەكان دەكرێت''.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بارەی ئەركی كۆنگرە و گۆڕانكارییەكان لە بارەی شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەكە لە دوای تاڵەبانی دوا و وتی: ''ئەركی ئەو كۆنگرەیە دانانی بەرنامەیێكی رێكوپێک بۆ چەند ساڵی داهاتوو دەبێت، هەروەها نوێ كردنەوەی سەركردایەتی و هێنانە پێشەوەی ژمارەیێک لە گەنجەكان كە شایستە و پێگەیشتوون''.
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وەڵامی پرسیارێكدا و لە بارەی پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ توركیا ئاماژەی كرد بەوەی بە هەوڵی بەرپرسانی حزبەكەی و لایەنە پەیوەندیدارەكان پەیوەندییەكان لە دوای داخستنی نووسینگەی یەكێتی لە ئەنقەرە ئاسایی بووەتەوە و ئێستا لە گفتوگۆدان بۆ كردنەوەی ئەو نووسینگەیە.
ئەحمەد پیرە لەبارەی لە کار دوورخستنەوەی شارەوانە کوردەکان بە هەواڵنێرانی وت: لەسەرکار لادانی شارەوانە کوردەکانی تورکیا دیموکراسیی لەو وڵاتە ژێر پێ دەخات و نیشان دەدات کە تورکیا دوژمنی هەموو کوردێکە چ قەڵەم بەدەست بێ چ چەکدار.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment