ڕادەست کردنی نەوتی کوردستان بە بەغدا لە ڕووی سیاسییەوە بڕیاری لەسەر دراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ڕادەست کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا لە ڕووی سیاسییەوە بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام لە ڕووی هونەرییەوە کاری پێویستە.

کوردپرێس: ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی ٨ی ٢٠١٩، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکاران رای گەیاند: "ئەو ئامادەكارییەی كراوە بۆ رادەست کردنی نەوت وەک پێویست نەبووە، دیارە لە ڕووی سیاسییەوە بڕیارەكە دراوە، بەڵام لە رووی هونەرییەوە ماویەتی".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، كۆمپانیا بیانییەکان هەن كە وەبەرهێنان دەكەن لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان، کاتێکیش بڕیار بدرێت ئەو نەوتە رادەست بكرێت، دەبێ ماف و شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیایانە ڕەچاو بكرێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، دزەیی باسی لەوەکرد کە چەندان لیژنەی تایبەت بە دۆسیەکانی نێوان هەردوولا پێکهێنراون و لە دوای سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆک حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، پەیوەندییەكان زۆر باش بوون، دواتریش شاندی پەیوەندیداری بەغدا هاتوونە كوردستان و لیژنەی تایبەتیش پێكهاتوون لەسەر دۆسیەكانی نەوت و ئەمنی و بوودجە.

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە، سەفین دزەیی گوتی: مووچە و بوودجە ساڵانەیە كە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر بوودجەی هەرێمی كوردستان دراوە، ئەوە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

سەفین دزەیی ئاماژەشی بەوە کرد، بۆ ساڵی 2020، قسە لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە جارێكی دیكە پێدانی مووچە و بوودجە بە هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 85899

Your Comment

You are replying to: .
captcha