به‌شیر حه‌داد: پشکی کورد له‌ پڕۆژه‌یاسای ساڵی 2020 مه‌ترسی له‌سه‌ره‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق باسی له‌وه‌ کرد که‌ پشکی کورد له‌ پڕۆژه‌یاسای ساڵی 2020 مه‌ترسی له‌سه‌ره‌ و گوتی: بڕیار وایه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌فدێکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غداد بکات.

کوردپرێس:

به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: بڕیار وایه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌فدێکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غداد بکات و ئه‌م سه‌ردانه‌ گرنگه‌ چوونکه‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌کردنی پرۆژه‌یاسای 2020ی عێراق و چوونی شانده‌که‌ بۆ گفتوگۆکردنه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد وه‌ک پرسه‌کانی بودجه‌ و نه‌وت و پێشمه‌رگه ‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان که‌ سێ لیژنه‌ی تایبه‌ت و پسپۆڕ و هونه‌ری دروست ده‌کرێ بۆ به‌دواداچوون و پێدانی پێشنیار به‌ شاندی باڵای هه‌رێمی کوردستان.

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: کابینه‌ی نۆیی حکوومه‌تی هه‌رێم گه‌شتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ پێویسته‌ ئه‌م دانووستانانه‌ دانووستانی جدی بن و مه‌به‌ست لێی گه‌شتن به‌ ئه‌نجام و ڕێککه‌وتن بێت و شانده‌کانیش شاندی به‌هێز بن که‌ بتوانن بڕیار بده‌ن چوونکه‌ ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا ڕووی دا وامان لێده‌کات چوبخشێنینه‌وه‌ به‌ جۆری شانده‌کان و ئه‌ندامه‌کانیدا.

به‌شیر حه‌داد سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری دواکه‌وتنی ناردنی مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ڕای‌گه‌یاند: پێموانییه‌ نه‌ناردنی مووچه ‌و دواکه‌وتنی په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ فشاره‌کانی سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی یاخود دانووستانه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چوونکه‌ به‌پێی یاسای 2019 بڕیاری له‌سه‌ر دراوه ‌و مووچه‌ی ئه‌و چوار مانگه‌ش دێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر نییه به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ره‌ پشکی کورده‌ له‌ پرۆژه‌یاسای ساڵی 2020ی عێراق.

جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: به‌ بڕوای من ڕه‌نگه‌ هۆکاری دواکه‌وتنه‌که‌ په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ نه‌بوونی پاره‌ی نه‌ختینه‌ لای وه‌زاره‌تی دارایی عێراق چوونکه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی مولزه‌م بێت به‌ یاسای بودجه‌ی 2019ه‌وه و‌ ناتوانێت پێشێلی یاساکه‌ بکات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85855

Your Comment

You are replying to: .
captcha