بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەختیار شاوەیس لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باس لەوەدەكات، دادگای باڵای فیدراڵی، مادەی 140ی دەستووری شی كردوەتەوە بەوەی جێبەجێ نەكردنی لەكاتی خۆیدا لە نرخی كەم ناكاتەوە، بەڵكوو كاریگەری یاسایی و دەستووری بەهێزی دەمێنێتەوە.
بەختیار شاوەیس روونیشی كردوەتەوە، جێبەجێ نەكردنی ئەو مادەیە لەماوەی چەندین ساڵی رابردوودا بیانووی بە هەرێمی كوردستان دا، كە نەوت دەربهێنێت و بیفرۆشێت، دواتریش كێشەكان تەقینەوە و بوونە هۆی راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ و بیركردنەوە لە سەربەخۆیی و ئەنجام دانی ریفراندۆم.
بەختیار شاوەیس باسی لەوەش كردووە، دادگای باڵای فیدراڵی دەیەوێت نامەیێک ئاراستە بكات و ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە چارەسەری سەرەكی و كۆتایی بابەتی كەركووک و ناوچەكانی دیكە تەنها جێبەجێ كردنی مادەی 140ە، ئەوەش بەواتایێكی قووڵ پێمان دەڵێت سەدام و بەعس و ئەوانەی پێش ئەویش نەیانتوانی سەقامگیری لە عێراقدا بەرپا بكەن و دەوڵەت لە ئاژاوەی بەردەوامدا مایەوە، هۆكاری سەرەكی بەشێكی گەورەی ئەو كێشەیەش مانەوەی بابەتی كورد و چارەسەرنەكردنیەتی بەتایبەتی كەركووک، چوونكە لۆژیكی هێز لەو پارێزگایەدا كارناكات.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە باس لەوەش دەكات، پێش ساڵی 2003 و دواتریش هێزی عەرەب و كورد و غروری توركمان تاقی كرانەوە، ئەوەی مایەوە شارێكی پشتگوێخراو و هاووڵاتیانی هیلاک و نیگەران بوو، لەسەر سیاسییەكانی عێراق بەتایبەتی كەركووک پێویستە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بەهەند وەربگرن و كاری پێبكەن لەبری ئەوەی دڵی خۆیان بەكورسی ئەنجومەنی پارێزگا خۆش بكەن، چوونكە ژمارەی كورسی هیچ لە نەهامەتیەكانی كەركووک كەم ناكاتەوە گرنگ چۆنێتی پێكهێنانی ئەو كورسیانەیە ئەویش لەرێگەی دەستوور و مادەی 140 ئەگەرنا ئەوا كشمیر و سیناریۆ تاڵەكانی لە پێش دەرگای كەركووكیشە.
سەرچاوە: سۆمریە نیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment