کوردپرێس:
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی سێشەمە 20ی ئابی 2019 ڕاگەیێندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا حکوومەت داوای لە هەر دوو لایەنی تورکیاش و پەکەکەش کردووە نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
دەقی ڕاگەیێندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
داوا لە حکومەتی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەکەین نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
بەداخەوە ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە بناری قەندیل چەند هاووڵاتییێک بریندار بوون و زیانی ماددیشی لێکەوتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هاوخەمی لەگەڵ زیانلێکەوتووانی ئەو ناوچەیە دەردەبڕێت و نیگەرانە لەو بۆردومانە، داواش دەکات سەلامەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزێرێت و نابێت هاووڵاتییانی هەرێم ببنە ئامانجی بوردومان. لەهەمان کاتدا داواش لە چەکدارانی پەکەکە دەکەین رەچاوی دۆخی ھاووڵاتییانمان و تایبەتمەندیی ھەرێمی کوردستان بکەن و چیتر نەبنە هۆکاری زیانگەیاندن بە ھاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment