حکوومەتی هەرێم هۆشداری بە تورکیاش و پەکەکەش دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، داوا لە حکوومەتی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەکات نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس:

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی سێشەمە 20ی ئابی 2019 ڕاگەیێندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا حکوومەت داوای لە هەر دوو لایەنی تورکیاش و پەکەکەش کردووە نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

داوا لە حکومەتی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەکەین نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

بەداخەوە ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە بناری قەندیل چەند هاووڵاتییێک بریندار بوون و زیانی ماددیشی لێکەوتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هاوخەمی لەگەڵ زیانلێکەوتووانی ئەو ناوچەیە دەردەبڕێت و نیگەرانە لەو بۆردومانە، داواش دەکات سەلامەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزێرێت و نابێت هاووڵاتییانی هەرێم ببنە ئامانجی بوردومان. لەهەمان کاتدا داواش لە چەکدارانی پەکەکە دەکەین رەچاوی دۆخی ھاووڵاتییانمان و تایبەتمەندیی ھەرێمی کوردستان بکەن و چیتر نەبنە هۆکاری زیانگەیاندن بە ھاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 85817

Your Comment

You are replying to: .
captcha