ده‌ستی ده‌ستی کردنی مانگی سوور ڕێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی خێوه‌تی پێویست له‌ نێوان لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ ده‌کات

به‌شی کرماشان- نوێنه‌ری خه‌ڵکی قه‌سری شیرین، سه‌رپێڵ زه‌هاو و گێڵان غه‌رب ئاماژه‌ی به‌ هاتنی پاڵه‌پستۆیێکی بارین له‌ ڕۆژانی داهاتوو بۆ جه‌وی پارێزگا کرد و وتی: خێوه‌ت و به‌تانی که‌ره‌سته‌ی پێویستی لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌یه‌.

فه‌رهاد ته‌جه‌ری له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری کوردپرێس ڕه‌خنه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی لاواز له‌ دابه‌ش کردنی خێوه‌ت و که‌ره‌سته‌ی پێویست له‌ نێوان لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ گرت و ڕای‌گه‌یاند: سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی 6 ڕۆژ له‌ ڕووداوی بوومه‌له‌رزه‌ی کرماشان، هێشتاکه‌ بۆ دابه‌ش کردنی خێوه‌تی مانگی سوور و دیکه‌ی پێداویستییه‌کان له‌ نێوان لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ کێشه‌مان هه‌یه‌.

ناوبراو وتیشی: به‌ هه‌وڵی به‌رپرسان و هیممه‌تی خه‌ڵکی ئێران تێکڕای پێداویستیی خوارده‌مه‌نی، ئاو و که‌ره‌سته‌ی ته‌ندروستی بۆ بوومه‌له‌رزه‌لێدراوان دابین کراوه‌.

ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی نوێنه‌رانی پارێزگای کرماشان جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌ هه‌مان کاتژمێره‌ سه‌ره‌تاییه‌کان سه‌رجه‌م برینداران له‌ ناوچه‌که‌ برانه‌ ده‌ره‌وه‌ و مۆڵه‌تی ناشتن بۆ قوربانیانیش ده‌رکرا.

ناوبراو خێوه‌ت و به‌تانی به‌ پێداویستیی سه‌ره‌کیی لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ وه‌سف کرد.

ته‌جه‌ری ڕاشی‌گه‌یاند: سه‌ره‌ڕای داکۆکیی سه‌رۆک کۆمار له‌سه‌ر دابه‌ش کردنی خێرای خێوه‌ت له‌ نێوان بوومه‌له‌رزه‌لێدراوان، به‌ بۆنه‌ی ده‌ستی ده‌ستی کردنی مانگی سووره‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ خێوه‌تی پێویست ڕاده‌ستی لێقۆماوان بکه‌ین.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا جه‌ختیشی کرده‌وه‌: به‌و ڕێوشوێنانه‌ی به‌رپرسانی پارێزگا و وڵات گرتوویانه‌به‌ر، له‌ ماوه‌ی 24 کاتژمێری داهاتوودا سه‌رجه‌م بوومه‌له‌رزه‌لێدراوان نیشته‌جێ ده‌کرێن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8561

Your Comment

You are replying to: .
captcha