میدیای نیشتمانی ئه‌رێ له‌ کوێیت؟!/ بێهزاد خاڵوه‌ندی

به‌شی وتار/ کرماشان- بێهزاد خاڵوه‌ندی ڕۆژنامه‌نووسی کرماشانی له‌ یادداشتێکدا باسی ڕه‌وتی دژواری ژیان پاش بوومه‌له‌رزه‌که‌ی کرماشان ده‌کات و گله‌یییش له‌ کامێرای نیشتمانی ده‌کات که‌ ئه‌رکی خۆی به‌ گونجاوی ڕاناپه‌ڕێنێت.

کوردپرێس: ده‌قی یادداشته‌که‌ی بێهزاد خاڵوه‌ندی به‌م شێوازه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

لێره‌، له‌ کرماشان کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ ڕووی داوه‌. ژیان لێره‌ دژواره‌ به‌ڵام کامێره‌ی که‌ناڵی هه‌واڵی نیشتمانی ناو به‌ ناو شه‌قامێکی ئارام پیشان ده‌دات و هه‌وڵ ده‌دات بیسه‌لمێنێت لێره‌ ژیان ڕه‌وتی ئاساییی خۆی تێده‌په‌ڕێنێت. بوومه‌له‌رزه‌ 1900 گوند و 7 شاری سه‌ر سنووری کردۆته‌ وێرانه‌. ده‌یان هه‌زار که‌س بێ ماڵ و حاڵ بوون و چه‌ندین هه‌زار هاووڵاتی کوژراون و بریندارن. ئه‌وانه‌ش له‌ کاره‌ساته‌که‌ گیانیان ده‌رکردووه‌ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ و ئازاریان به‌ سه‌ردا که‌ڵه‌که‌ بووه‌. توانا و ئیمکاناتی فریاکه‌وتن له‌ پارێزگاکه‌دا به‌رته‌سک و لاوازه‌ و ده‌ره‌قه‌ت ئه‌و ڕێژه‌ فراوانه‌ی پێداویستییه‌کان نایێت. ئه‌گه‌رچی به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی پارێزگاکه‌ و هێزی فریاکه‌وتنی سوپا و ئه‌رته‌ش و هێزی ئینتیزامی و مانگی سوور و دیکه‌ی داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌کان جێی ڕێزه‌ به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ یارمه‌تی به‌س نییه‌ و به‌شێکی زۆری لێقۆماوان شه‌وی ڕابردوو برسی و تینوو و بێ ڕه‌شماڵ و بێ به‌تانی شه‌ویان ڕۆژ کرده‌وه‌.

ئێره‌ له‌ کرماشان کاره‌ساته‌که‌ گه‌وره‌یه‌ و مه‌ترسیی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ سه‌رما و سۆڵه‌ و برسێتی و تینوویه‌تی کێشه‌ی لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ چه‌ند قات بکاته‌وه‌.

لێره‌ دۆخه‌که‌ ئه‌سه‌فباره‌. لانی‌که‌م هه‌ر هیچ نه‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌کرێت میدیای نیشتمانی له‌ ئاستێکی زیاتردا هه‌واڵه‌کان ڕووماڵ بکات و له‌ گۆڕه‌پانی تراژێدییه‌که‌دا ئاماده‌ بێت و دۆخه‌که‌ پیشان بدات. دوایین جار و ئه‌و کاته‌ی بینای 17 قاتی پلاسکۆ ڕووخا، کامێره‌ی میدیای نیشتمانی هه‌ر 24 کاتژمێر له‌وێ زووم کرابوو و به‌ شێوازێکی گونجاو و تایبه‌ت ڕووماڵی هه‌واڵه‌کان ده‌کرا به‌ڵام لێره‌ هه‌زاران بینا ڕووخاون و کامێره‌کان خۆیان شاردۆته‌وه‌. له‌ ئه‌زگه‌له‌، سه‌رپێڵ زه‌هاو، داڵه‌هۆ، قه‌سری شیرین و گێڵان غه‌رب کاره‌ساته‌که‌ هه‌زاران قاتی پلاسکۆ فراوانتره‌ و به‌وه‌شه‌وه‌ هێشتاکه‌ نه‌ماندیوه‌ لانی‌که‌م کامێره‌کانی که‌ناڵی هه‌واڵ ئه‌و کاره‌ساته‌ به‌ شێوازی 24 کاتژمێری ڕووماڵ بکه‌ن.

خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌و ڕێژه‌ فراوانه‌ی ڕه‌نج و چه‌رمه‌سه‌ری و ئازاری لێقۆماوان سه‌ریان سوڕ ما و به‌ چاوی فرمێسکاوی خه‌ریکی کۆ کردنه‌وه‌ی خوارده‌مه‌نی و به‌تانی و که‌ره‌سته‌ی گه‌رم کردنه‌وه‌ن بۆ هاوشارییه‌کانیان که‌ مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌ له‌به‌ر سه‌رما و سۆڵه‌ و برسێتی و تینوویه‌تی گیانی خۆیان له‌ ده‌ست بده‌ن.

ژیان لێره‌ دژواره‌ به‌ڵام کامێره‌ی که‌ناڵی هه‌واڵی نیشتمانی ناو به‌ ناو شه‌قامێکی ئارام پیشان ده‌دات و هه‌وڵ ده‌دات بیسه‌لمێنێت لێره‌ ژیان ڕه‌وتی ئاساییی خۆی تێده‌په‌ڕێنێت.

سه‌رۆکی میدیا نیشتمانی ئا له‌م دۆخه‌دا له‌ کوێیه‌؟! بۆچی بۆ خۆی سه‌ردانی ناوچه‌که‌ ناکات تاوه‌کوو فراوانیی کاره‌ساته‌که‌ به‌ چاو ببینێت. بۆچی ئێکیپه‌کانی ڕووماڵی هه‌واڵ نانێرێته‌ ناوچه‌که‌ تاوه‌کوو قه‌یرانه‌که‌ تۆمار بکه‌ن و هاووڵاتییان ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی قۆماوه‌.

که‌ناڵی خۆجێیی کرماشان به‌ یارمه‌تیی فه‌رمانبه‌ره‌ دڵسۆزه‌کانی به‌ ڕاستی هه‌موو هه‌وڵی خۆیان بۆ ڕووماڵ کردنی هه‌واڵی کاره‌ساته‌که‌ ئه‌نجام داوه‌ به‌ڵام ئیمکاناتی ئه‌وان وه‌ڵامی پێداویستییه‌کان ناداته‌وه‌ و پێویستیان به‌ یارمه‌تیی میدیای نیشتمانی هه‌یه‌.

لێره‌ کاره‌ساتێکی گه‌وره‌تر خه‌ریکه‌ ڕوو ده‌دات و میدیای نیشتمانی ده‌بێت له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا بێته‌ مه‌یدان و قووڵاییی کاره‌ساته‌که‌ بۆ هه‌موان پیشان بدات و بڵێت چ ڕووداوێکی دڵته‌زێن له‌ کرماشان ڕووی داوه‌.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8514

Your Comment

You are replying to: .
captcha