به‌غدا گرێبه‌ستی نێوان هه‌ولێر و ڕوس نه‌وت به‌ فه‌رمی ناناسێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕای­گه‌یاندووه‌ به‌ هیچ له‌ونێک گرێبه‌ستی واژۆکراوی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و کۆمپانیای ڕوس نه‌وت به‌ فه‌رمی ناناسێت و ئیلتیزامی پێناکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عاسم جیهاد، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌ ئاژانسی هه‌واڵی نۆڤستیی ڕووسیای وتووه‌: وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق پێوه‌ندیی به‌ گرێبه‌ستی نێوان ڕوس نه‌وت و هه‌ولێره‌وه‌ نییه‌ و ئاگای له‌ ورده‌کارییه‌کانیشی نییه‌ بۆیه‌ش هیچ لایه‌نێک بۆی نییه‌ تاکلایه‌نانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌سه‌ر سامان و سه‌رچاوه‌ی نیشتمانی بکات.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌ بێ ئاگاداریی حکوومه‌تی ناوه‌ندی واژۆ کراوه‌ و لایه‌نی به‌رانبه‌ری گرێبه‌سته‌که‌ ڕوون نییه‌.

جیهاد زیادیشی کرد: به‌غدا به‌ مافی خۆی ده‌زانێت ئیلتیزام به‌و گرێبه‌سته‌ نه‌کات و تێکڕای به‌رپرسایه‌تیی یاسایی و لێکه‌وته‌وه‌ و خه‌ساری ئه‌و گرێبه‌سته‌ش وه‌ئه‌ستۆی لایه‌نی واژۆکاری گرێبه‌سته‌که‌ ده‌بێت.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق درێژه‌ی پێی دا: بیره‌ نه‌وتێکی ئه‌و گرێبه‌سته‌ کێڵگه‌ی نه‌وتی "خورمه‌له"‌یه‌ که‌ ئێستا به‌ده‌ست حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌یه‌ و ڕه‌وتی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و کێڵگه‌یه‌دا به‌م زووانه‌ ده‌ست­پێده‌کات.

ناوبراو جه‌ختیشی کرده‌وه‌: به‌غدا هه‌وڵ ده‌دات کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی که‌رکووک چالاک بکاته‌وه‌ و ته‌نها له‌ ڕێگای کۆمپانیای نه‌وتی سۆمۆ (کۆمپانیای حکوومیی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی عێراق) ئیزنی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت ده‌دات.


کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8382

Your Comment

You are replying to: .
captcha