بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە وڵاتانی هاوپەیمان دەكات، ببنە ناوبژیوان و ڕێگری لە كۆ كردنەوەی حەشدی شەعبی و هەڵگیڕسانەوەی شەڕ لە نێوان هەرێم و بەغدا بگرن.
لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆكایەتیی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە، رای گەیاند: دانووستانی نێوان وەفدی سەربازیی هەرێم و بەغدا لە ئێستادا لە ڕێگەی ناردنی نامە و پەیامەوە ئەنجام دەدرێن، دانووستانی ڕووبەڕوو نەماوە، هێزی پێشمەرگەش داوای سێ خاڵی سەرەكیی لە بەغدا هەیە.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، هەرێم دواین نامەی ئاراستەی بەغدا كردووە، كە سێ خاڵ لە خۆ دەگرێت، ئەوانیش: 1-ڕاگرتنی شەڕ و پابەند بوون بە ئاگربەست لە هەموو ناوچەكان، 2-ژمارەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە سەرجەم بەرەكانی شەڕ كەم بكرێنەوە، 3-دانووستانیش بەردەوامی پێ بدرێت لە نێوانیان".
بەوتەی جێگری سەرۆكایەتیی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆن، وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، وڵاتانی هاوپەیمانی ئاگادار كردۆتەوە كە هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی لە سەرجەم ناوچەكان زیادی كردووە، ئەوەش مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕ زیاد دەكات، هەربۆیە داوای كردووە هێزی هاوپەیمانان رۆڵی ناوبژیوان ببینن و هاوكاریش بن بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن".
لیوا قارەمان ئاماژەی بەوەڵامی وڵاتانی هاوپەیمان كرد و وتی:" ئەوان ئاگاداری وردەكاریی رووداوەكانن و هیچ وادەیێکیش بۆ وەڵام دانەوەیان دیاری نەكردووە".
سەرچاوە: SNN
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment