بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەسەسەرد لەو وتارەدا دەڵێت: كەللەڕەقی و پێداگرتن لە سەر ئەنجامەكانی ریفراندۆمێكی شكست خواردوو هیچ پاساوێكی نییە و بە كردەوە هیچ جیاوازیی لە كەللەڕەقیی ئەنجام دانی ریفراندۆم نییە. دەقی وتارەکەی فەرید ئەسەسەرد بە شێوازی خوارۆیە:
هێشتا گرێی كوێرەی وتووێژی نێوان هەولێر و بەغدا نەكراوەتەوە. پێش ریفراندۆم لێدوانە فەرمییەكانی هەرێم جەختیان دەكردە سەر ئەوەی كە هەرێم پاش ریفراندۆم دەست بە وتووێژێكی چڕ لەگەڵ بەغدا دەكات.
پاش پەرەسەندنی فشارەكانی بەغدا و زیاد بوونی ئەگەری شەڕ، كۆبوونەوەی دووكان لە 15ی ئاکتەوبر لە بەیاننامەكەیدا بەشێوەیێكی شەرمنانە یەكەم پاشگەز بوونەوەی نیشان دا و ئامادەیی وتووێژی "لەسەر بنەمای پرنسیپە دەستورییەكان" دەربڕی، بەڵام خاڵی پێنجەمی بەیاننامەكە و لێدوانە توندەكانی كۆنفرەنسە رۆژنامەوانییەكەی پاش كۆبوونەوەكە دەرفەتێكی زۆریان بۆ چارەسەریی دوور لە توندوتیژی نەهێشتەوە.
بەغدا هەر لە سەرەتاوە پێش ئەنجام دانی ریفراندۆم سوور بوو لە سەر ئەنجام نەدانی ریفراندۆم و دەست پێكردنی وتووێژ لە سەر بنەمای دەستوور. پاش ریفراندۆمیش سوور بوو لە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم و ئەمەی كرد بە مەرج بۆ دەست پێكردنی وتووێژ.
لە لێدوانەكانی دواتریدا عەبادی وتی ریفراندۆم بۆتە بەشێک لە رابردوو. ئەم لێدوانە وا لێک درایەوە كە بەغدا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی هەڵگرتووە، بەڵام كەناڵەكانی پەیوەندی ئەم لێكدانەوەیەیان پشت راست نەكردەوە.
لە بەرامبەردا، حكوومەتی هەرێم هەنگاوی دووەمی هەڵ هێنا و لە بەیاننامەیێكی فەرمیدا ئەنجامەكانی ریفراندۆمی سڕ كرد و ئامادەیی بۆ وتووێژ لە چوارچێوەی دەستووردا دەربڕی بەڵام بەغدا هەر سوورە لە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم، لە ڕاستیدا وتووێژ لە چوارچێوەی دەستووردا هیچ جیاوازیی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم نییە. هەر وتووێژێک لە چوارچێوەی دەستووردا بەكردەوە و بە شێوەیێكی ناڕاستەوخۆ بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم دێت. لەم رووەوە نە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم، پێگەی هەرێم لە وتووێژدا لاوازتر دەكا و نە وتووێژ لە چوارچێوەی دەستووردا پێگەی بەغدا لە وتووێژدا بەهێزتر دەكا. مەسەلەكە لەڕازی كردنی فیزی سیاسی بەولاوە هیچی تر نییە.
دەستەبژێری سیاسیی كورد و شەقامی كوردی هیچ گومانیان لەوەدا نەماوە كە ریفراندۆم شكستی هێناوە و تەنانەت زیانیشی بە بەرژەوەندییەكانی هەرێم گەیاندووە. لە دۆخێكی وادا كەللەڕەقیی پێداگرتن لە سەر ئەنجامەكانی ریفراندۆمێكی شكست خواردوو هیچ پاساوێكی نییە و بەكردەوە هیچ جیاوازیی لە كەللەڕەقیی ئەنجام دانی ریفراندۆم نییە. ئامانجی ریفراندۆم بەدی هێنانی سەربەخۆیی بوو ئەم ئامانجەش بەدڵنیاییەوە نەهاتە دی و هەر دەبێ لە بەغدا پرۆسەیێكی دایەلۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەست پێ بكات. بێگومان لە سەر مێزی گفتوگۆش، دایەلۆگەكە لە سەر بنەمای دەستوور بەڕێوە دەچێ نەک لە سەر بنەمای ئەنجامەكانی ریفراندۆم.
ئەو بیانووە تەكنیكییەی كە بۆ هەڵ نەوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم دەهێنرێتەوە ئەوەیە كە هیچ لایەنێک دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی نییە چوونكە ریفراندۆم گوزارشت لە رای گەل دەكات. بەرپەرچدانەوەی ئەم بیانووە كارێكی قورس نییە. بەیاننامەی حكوومەتی هەرێم سەبارەت بەسڕكردنی ئەنجامەكانی ریفراندۆم و دەست پێكردنی وتووێژ لە چوارچێوەی دەستووردا، بە ناوەڕۆک وا مامەڵە لەگەڵ ریفراندۆمدا دەكات وەک ئەوەی كە هەر ئەنجام نەدرا بێ. كاتێک لە وتووێژدا پشت بە دەستوور دەبەسترێ، ریفراندۆم لە یارییەكە دەردەچێ. هەر لێرەش بیانووە تەكنیكییەكە لە بەر یەک هەڵدەوەشێتەوە، چوونكە ئەگەر حكوومەتی هەرێم دەسەڵاتی سڕكردنی ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەبێ، بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەشی هەیە. جگە لەوە پەرلەمانیش كە رەوایی بەپرۆسەكە داوە و رۆژی ئەنجام دانی ریفراندۆمی چەسپاندووە، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بە یاسا ئەم كارە بكا.
بەڵام ئەگەر بەغدا دەستبەرداری مەرجەكەی بوو و بەشێوەیێكی پرەگماتیكییانە هەڵسوكەوتی لەگەڵ مەسەلەكەدا كرد، دەتوانێ لەگەڵ هەرێمدا بگا بە رێككەوتنێک لە چوارچێوەی دەستووردا، بە تایبەتی كە دانووستانكارانی هەرێم لە بەغدا داوا ناكەن وتووێژ لە سەر بنەمای ئەنجامەكانی ریفراندۆم بەڕێوە بچێ و هەروەها لەو روانگەیەوە كە ریفراندۆم هێزی خۆی لە دەست داوە و كەس پشتی پێ نابەستێ.
سەرچاوە: SNN
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment