بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی 5ی نۆڤیمبێر، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ پارێزگارەكانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە) و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكان و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین كۆ بوونەوە و داخوازیی پارێزگاكان و رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018 تاوتوێ كرا.
عەلی عوسمان پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت رای گەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیرە بەشداربووەكان هاوڕابوون لە سەر بەردەوامیدان بە دابەش كردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
عوسمان وتیشی: "پێدانی مووچە لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە بەردەوامی دەبێت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و باش كردنی گوزەرانی مووچەخۆران".
سەبارەت بە توانای حكوومەت لە دابین كردنی مووچە، بەتایبەتیش لە دوای لە دەستدانی ژمارەیێكی زۆر بیرە نەوت، عەلی عوسمان وتی: "لە سەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان و ئەو داهاتەی لە بەردەستدایە، بەردەوامی بەدابەش كردنی مووچە دەدرێت، تا ئەوكاتەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەكرێت".
ناوبراو وتیشی: "لە دوای ئەو كۆبوونەوەیە، پارێزگارەكان كۆبوونەیێكمان كرد و تێیدا جەختمان لە سەر ئەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە سەر پێدانی مووچە، هەتاكوو دانووستاندن دەكرێت لە نێوان هەرێم و بەغدا لە سەر بنەمای دەستووری عیراق".
سەرچاوە: SNN
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment