به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیسماعیل حه‌دیدی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسیی عه‌ره‌بی له كه‌ركووک ڕای‌گه‌یاند: "ئێمه وه‌كوو عه‌ره‌بی سوننه له مافه‌كانمان بێبه‌ش كراوین، بۆیه ده‌مانه‌وێت پۆسته‌كانی كه‌ركووک به شێوه‌یێکی دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر پێكھاته‌كاندا دابه‌ش بكرێن."
پێشتر وه‌زیری ناوخۆی عێراق سه‌ردانی شاری كه‌ركووكی كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و شاره‌دا كۆبووه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كاندا باسی له دابه‌ش كردنی پۆسته ئه‌منییه‌كان به رێژه‌ی ٣٢% به سه‌ر پێكھاته‌كاندا كردبوو.
ھه‌روه‌ھا ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانیش له ڕاگه‌یێنراوێكدا كه ڕۆژی ھه‌ینی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه له ڕۆژانی داھاتوودا شاندێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بۆ دابه‌ش كردنی پۆسته ئه‌منییه‌كان به سه‌ر پێكھاته‌كاندا سه‌ردانی شاری که‌رکووک ده‌كات.
ھه‌وڵه‌كانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆ دووباره دابه‌ش كردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان له كاتێكدایه له ئێستادا پۆستی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن‌و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی که‌رکووک و زۆربه‌ی ده‌زگا ئه‌منی و ئیدارییه‌كان لای كورده كه به‌غدا ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه، پێگه‌ی كورد له پارێزگاكه لاواز بكات.
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی كوتله‌ی كوردی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک ڕای‌گه‌یاند: "ئێمه وه‌كوو كورد، كه زۆرینه‌ین له که‌رکووک، دابه‌ش كردنی پۆسته‌كان به یه‌كسانی ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و داوا ده‌كه‌ین به‌پێی ده‌ستوور مامه‌ڵه بكرێت."
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری راشی‌گه‌یاند: "گه‌ر ئه‌وان پۆسته‌كان دابه‌ش بكه‌ن، ئه‌وا چی پۆستی گرنگ هه‌یه بۆ خۆیان ده‌یبه‌ن و پۆسته لاوه‌كییه‌كان بۆ كورد جێده‌ھێڵن."
كوتله‌ی كوردی له كۆی ٤١ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک خاوه‌نی ٢٦ كورسی هه‌یه، به‌ڵام حیزب و لایه‌نه كوردییه‌كان له‌سه‌ر پێكه‌وه گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كده‌نگ نین، بۆیه به‌شێک له به‌رپرسانی كورد پێیان وایه یه‌كده‌نگ نه‌بوونیان ھێنده‌ی‌تر پێگه‌یان له که‌رکووک لاوازتر ده‌كات.
سه‌رچاوه: شارپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment