بەپێی هەواڵی کوردپرێس بارام قاسمی شەوی شەممە سەبارەت بە کشانەوەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان و لێدوانی دژە ئێرانیی ناوبراو لە دەقی نامەی کشانەوەکەیدا نووسیی: دەست لە کار کێشانەوەی لە ناکاوی حەریری و لێدوانەکانی سەبارەت بە وڵاتێکی تر نەک هەر دەبێتە مایەی ئەسەف و سەرسوڕمان بەڵکوو پیشاندەری یاریی حەریرییە کە نەیارانی ناوچەکە دایانڕێژاوە و براوەی ئەم گۆڕەپانەش وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی نین بەڵکوو ڕژیمی زایۆنییە.
قاسمی زیادی کرد: لە هەل و مەرجێکدا کە لە کۆتاییی داعش و جووڵەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەندێک وڵاتی ناوچەکە نزیک دەبینەوە دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت بە هێور کردنەوەی بارودۆخەکە قەرەبووی ئەو خەسارانە بکرێتەوە کە تیرۆریستانی دەسەمۆی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەیان داوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە لێدوانەکانی سەعد حەریری دژ بە دەوری ئێران لە ناوچەکەدا زیادی کرد: دووپات بوونەوەی تۆمەتی بێ بنەمای ڕژیمی زایۆنی، سعوودیە و ئەمریکا لە زاری سەعد حەریرییەوە سناریۆیێکی دیکەیە بۆ خولقاندنی تەنگەژە لە لوبنان و ناوچەکەدا.
قاسمی جەختی کردەوە: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام خوازیاری پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکەیە و بەرژەوەندیی ئێران بەستراوە بە ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتەوایی لە وڵاتانی ناوچەکەدا. هەر بۆیەش خەباتی دژ بە ناپاوەجێیی لە سیاسەتی خۆماندا دەخەینە یەکەمایەتیمانەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆتاییدا ئاماژەی بە پێوەندیی ئێران و لوبنان کرد و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەوام ڕێزی لە سەروەری و سەربەخۆییی لوبنان گرتووە و ئەوەش لە لێدوانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری لوبنان دەرکەوت کە جەختی لە سەر پێوەندی و هاوکاریی چاکی نێوان دوو وڵات کردبوەوە.
شیاوی ئاماژەیە سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕۆژی شەمە لە سعوودیە و لە ڕێگای کەناڵی ئەلعەرەبییەوە هەندێک تۆمەتی بەرامبەر ئێران هێنایە ئاراوە و دەست لە کار کێشانەوەی خۆیی ڕاگەیاند.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment