ئەردۆغان: بۆ ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆن لە عێراق و سووریا مۆڵەتی کەسمان ناوێت/ حکوومەتە یاساییەکان کێشەی شەنگال و قەندیل چارەسەر نەکەن ئەو شوێنانە خاپوور دەکەین
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا وێڕای ئاماژەی بە پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی PKK و تورکیا لە پارێزگاکانی دیاربەکر و شەمدینلی ڕای گەیاند: بۆ ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆن پێویستمان بە مۆڵەتی کەس نییە. ئەگەر حکوومەتە یاساییەکان کێشە شەنگال و قەندیل چارەسەر نەکەن ئەوا ئەو شوێنانە خاپوور دەکەین. ناتوانین چاوەڕوان بین تیرۆریستەکان لە دەرەوەی سنوورەکانمان پەروەردە بکرێن. هەموو جۆرێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی دژ بەو تیرۆریستانە بۆمان حەڵاڵە.
سەلما ئیرماک 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا
سەلما ئیرماک نوێنەری جۆلەمێرگ لە پەرلەمانی تورکیا سەر بە پارتی دیموکراتیکی گەلان کە ساڵێکە لە زینداندایە دادگایی کرا و دادوەری دۆسیەکە ئەو ئەندامەی پارتی دیموکراتیکی گەلانی بە 10 ساڵ زیندان سزا دا.
کاردانەوەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە پێکدادانی توندی نێوان هێزەکانی ئەو وڵاتە و پەکەکە: ناتوانن تەنانەت بەردێکی ئەم وڵاتە لێبکەنەوە
بیناڵی یێڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە سەفەری ئازەربایجان ئاماژەی کردە پێکدادانی نێوان هێزەکانی تورکیا و شەڕڤانانی پەکەکە لە ناوچەی شەمدینلی کە کوژارنی 8 هێزی ئەمنیی تورکیای لێ کەوتەوە و وتی: با بزانن ناتوانن بستێک لەم خاکە و تەنانەت یەک بەردیشی لێ بکەنەوە. ئەم ئاڵایە نایەتە خوار و دەنگی بانگ لە تورکیا نابڕێتەوە. تورکیا دابەش نابێت و ئەم گەلەش شکست ناخوات.
سری سورەیا ئوندەر لە یەکەم ساڵۆگەڕی دەستگیر کردنی هاوسەرۆک و نوێنەرەکانی HDP: دەستگیر کرانی ئێمە لە سێبەری پشتیوانی و ڕەزامەندیی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا ئەنجام دراوە.
سری سورەیا ئوندەر نوێنەری ئەنقەرە لە پەرلەمانی تورکیا لە ساڵۆگەڕی دەستگیریی هاوسەرۆک و نوێنەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە لێدوانێک بۆ ڕۆژنامەی جمهووریەت دەڵێت: هەر لە چواری نوڤیمبێرەوە دڵنیا بووین لە پێناو ڕاکێشانی ڕەزامەندی و پشتیوانیی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی دژ بە ئێمە ئەنجام دەدرێت.
بڵاو بوونەوەی 470 هەزار فایلی نهێنیی بین لادەن لە لایەن سیاوە: ئوسامە بین لادەن لەگەڵ ئەندامانی پارتی سەلامەتی نەتەوەیی تورکیا بە ڕێبەرایەتیی ئەربەکان دیداری کردووە.
بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی کە سیا بڵاوی کردوونەتەوە بین لادەن لە ساڵی 1976 لە سووریاوە هاتۆتە تورکیا و لەوێدا لەگەڵ ئەندامانی پارتی سەلامەتی نەتەوەیی تورکیا بە ڕێبەرایەتیی نەجمەدین ئەربەکان دیداری کردووە.
موراد قارایلان ئەندامی کۆنسەی ڕێبەرایەتیی پەکەکە: ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هەڵە بوو/ تورکیا تەوەری سەرەکیی هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوو.
موراد قارایلان ئەندامی کۆنسەی ڕێبەرایەتیی پەکەکە لە لێدوانێکدا وێڕای ئاماژە بەوەی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان هەڵە بوو ڕای گەیاند: دەوڵەتی تورکیا سامانی بە هێرشەکەی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان داوە. تورکیا تەوەری سەرەکیی هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment