سزای دە ساڵ زیندان بۆ پەرلەمانتارێکی دیکەی HDP دەرکرا

بەشی تورکیا- سەلما ئیرماق پەرلەمانتاری هەدەپە بە تۆمەتی پەیوەندی‌بوون بە پەکەکەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

کوردپرێس: ماڵپەڕی یەنی شەفەقی تورکی بڵاوی کردەوە، دادگای شاری ئامەد ئەمڕۆ هەینی بەتۆمەتی ئەندام‌بوون و بانگەشە کردن بۆ پەکەکە، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپەدا سەپاندووە.

هاوکات ئاژانسی ئەنادۆڵی حکوومەتی تورکیا ڕایگەیاند، سەلما ئیرماق کە لە گرتووخانەی کۆجائێلی دەست‌بەسەرە بەشداریی دانیشتنەکەی دادگای نەکردووە، بەڵام پارێزەرەکەی ئامادەی دانیشتنەکە بووە.

بڕیاری زیندانی کردنەکەی دادگاش بەم شێوەیەیە بە تۆمەتی "ئەندام‌بوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار" حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانی دەکرێت، هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە کردن بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی" دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی دەکرێت.

سەلما ئیرماق نوێنەرى شارى جۆلەمێرگە لە پەرلەمانى تورکیا، هەروەها هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاتی دیموکراتی (کەجەدە)یە، ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لەگەڵ ١١ پەرلەمانتاری دیکەدا دەستگیر کرا لە نێویشیاندا فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی ئەو کاتەی هەدەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتەکەی تێدا بوو .

هێزە ئەمنییەکانى تورکیا لە ڕۆژى ٤ى تشرینى دووەمی ٢٠١٦ەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکى پێشووی هەدەپەی دەستگیر و زیندانی کرد و لە ئێستاشدا جگە لەوان، ژمارەیێکی دیکەی پەرلەمانتارانی هەدەپە دەستگیر کراون و سزای زیندانی کردنیش بۆ هەندێکیان دەرکراوە.

ڕۆژی ١٤ی حوزەیرانی ئەمساڵیش، چاغلار دەمیرەل پەرلەمانتاری هەدەپە کە یەکێک بوو لەدەستگیرکراوەکان، بە تۆمەتی ئەندام بوون لە ڕێکخستنی قەدەغە، سزای ٧ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

هەدەپە گەورەترین حزبى یاساییى کوردانى کوردستانی تورکیایە و خاوەنى ٥٩ کورسیى پەرلەمانى ئەو وڵاتەیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 8225

Your Comment

You are replying to: .
captcha