تورکیا کۆتایی به‌ پێشێل کردنی مافی مرۆڤ بێنێت

به‌شی تورکیا- زه‌ید ڕه‌عد حسێن کۆمسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان وێڕای ڕه‌خنه‌گرتن له‌ پێشێل کردنی مافی ئازادییه‌ بنه‌ماییه‌کان له‌ تورکیا داوای له‌ حکوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ کرد له‌ ناوخۆی سنووره‌کانی خۆیدا بنه‌مای مافی مرۆڤ ڕچاو بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، زه‌ید ڕه‌عد حسێن کۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان داوای له‌ حکوومه‌تی تورکیا کرد کۆتایی بێنێت به‌ پێشێل کردنی به‌ربڵاوی مافی مرۆڤ به‌ بیانوی تیرۆریزم و له‌ چوارچێوه‌ی دۆخی نائاسایی له‌و وڵاته‌.

حسێن له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌ست­پێکردنی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ ژێنێڤ وێڕای خوێندنی ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی مافی مرۆڤ وتی: "تیرۆریسته‌کان ده‌توانن هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر ئێمه. ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌توانن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ ڕێوشوێنێک بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م کاره‌ نابێت ببێته‌ ئامێرێک بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازی و سه‌رکوت کردن.‌"

ناوبراو له‌ ڕاپۆرته‌که‌یدا تورکیای وه‌کوو یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ که‌ شاهیدی پێشێل بوونی به‌ربڵاوی مافی مرۆڤه‌، ناو برد.

حسێن وتیشی: تورکیا چالاکانه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به‌شداریی کردووه‌ و بۆ پێشکه‌وتنی مافی مرۆڤ هه‌وڵی داوه‌، به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێ له‌ ناوخۆی سنووره‌کانیشیدا بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ ڕچاو بکات.

ناوبراو زیادیشی کرد: ئازادی ڕاده‌ربڕین و ئه‌ندێشه‌ له‌ تورکیا به‌ توندی سه‌رکوت ده‌کرێت و ژماره‌یێکی زۆر له‌ ڕۆژنامه‌وان، فه‌رمانبه‌رانی زانستگا، یاسادانه‌ران، چالاکی مافی مرۆڤ و نوێنه‌رانی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ زینداندان.

حسێن جه‌ختیشی کرده‌وه‌: ئیتنیکه‌ ئایینییه‌کان و ئه‌و که‌سانه‌ و ڕێکخراوانه‌ که‌ له‌سه‌ر پرسی کورده‌کان چالاکی ده‌که‌ن زۆرتر کراونه‌ته‌ ئامانج و هێرشیان کراوه‌ته‌سه‌ر.

ناوبراو وتیشی: "ئه‌و که‌سانه‌ که‌ پرسی کورده‌کانیان پێخۆشه‌، ئه‌و که‌سانه‌ که‌ له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ چه‌په‌کاندا چالاکی ده‌که‌ن و که‌سانێک که‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو گرووپه‌ خراوه‌ته‌ پاڵیان، له‌ لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه‌ هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ریان."

سه‌رچاوه‌: فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8145

Your Comment

You are replying to: .
captcha