به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شێخمۆس تانری کۆلۆ سه‌رۆکی حیزبی ئیسلامخوازی هوداپار له پارێزگای دیاربه‌کر ئاماژه‌ی به ڕیفراندۆمی 16ی ئه‌یپڕێڵی تورکیا کرد و وتی: ئێمه چاوه‌ڕوانمان ده‌کرد پاش ڕیفراندۆمی 16ی ئه‌یپڕێڵ له تورکیا هه‌نگاوێک بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورده‌کان هه‌ڵبگیردرێت و کێشه‌ی کورده‌کانی ئه‌و وڵاته چاره‌سه‌ر بکرێت. خوێندن به زمانی کوردی و ڕاگه‌یاندنی ئه‌و زمانه وه‌کوو زمانێکی فه‌رمیی تورکیا ده‌یتوانی کێشه‌ی کورده‌کان چاره‌سه‌ر بکات به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و دوو پرسه حکوومه‌ت هیچی نه‌کردووه.
تانری کۆلۆ جه‌ختیشی کرده‌وه: له سه‌ده‌ی 21دا که ماف و ئازادییه‌کان ڕوو له زیادبوونه ئێوه ناتوانن به دامه‌زراندنی که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی یان وانه‌ی تایبه‌تی خوێندن له وڵاتێک‌دا که 20 بۆ 30 میلیۆن کوردی تێدا ده‌ژی قه‌ناعه‌تیان پێ بهێنن و ئه‌وانه به ئازادی بزانن.
ناوبراو زیادی کرد: پرسی کورده‌کان له‌گه‌ڵ کورده‌کان و پرسی چه‌کیش له‌گه‌ڵ په‌که‌که ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێت. پێویسته پرسی کورده‌کان وه‌کوو داپه‌ڕێکی جیاواز له‌به‌رچاو بگیردرێت. ئه‌و کاته‌ی په‌که‌که‌ش نه‌بوو پرسی کورده‌کان هه‌بووه.
تانری کۆلۆ له درێژه‌دا ئاماژه‌ی به هاوکاریی پارتی داد و گه‌شه و جه‌ماعه‌تی گوله‌ن له ڕابردوودا کرد و وتی: ئێوه سه‌رچاوه داراییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌تان 8 ساڵ ڕژاندبووه به‌ر پێی ئه‌و گرووپه. هه‌موو چه‌شنه ده‌ره‌تان و ئیمکاناتێکتان له به‌رده‌ستیان خستبوو. ئێمه نه‌مانبینی له پارتی داد و گه‌شه‌وه یه‌ک نوێنه‌ر یان سیاسه‌توان یان وه‌زیرێک له کار لاببرێت یان دادگه‌یی بکرێت.
شیاوی ئاماژه‌یه؛ پارتی کوردی و ئیسلامخوازی "داوای ئازاد" له ڕیفراندۆمی 16ی ئه‌یپڕێڵدا هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه ده‌نگی به‌ڵێ دابوویه ڕیفراندۆم.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment