بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەو دیدارەدا ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی داوا لە بارزانی دەکات گشتپرسی بۆ ماوەیێک دوابخرێت. لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت: "متمانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی کوردستان بڕیاری گشتپرسی داوە و گشتپرسیش لە کاتی دیاری­کراوی خۆیدا ئەنجام­دەدرێت".
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی ستایشی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە لە تێکشکاندنی داعش و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و ئازادکردنی مووسڵی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
ئەحمەد ئەبوو غەیت پێزانینی هەبوو بۆ پێشکەوتنە هەمەلایەنەکانی هەرێمی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە، "هەرێمی کوردستان بۆ کۆمکاری عەرەبی جێگەی بایەخە و کۆمکاری عەرەبی خوازیاری سەقامگیری و بەهێزبوونی کوردستانە".
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی ئاماژەی بە ئەو نەهامەتییانە دا کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە و رای­گەیاند، لەژێر رۆشنایی وەڵامی بارزانی بۆ نامەکەی، هاتووە لە نزیکەوە لە بارەی کێشەکان و ئاییندەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بارزانی بدوێت.
ئەحمەد ئەبوو غەیت ئەوەشی خستەڕوو کە" بەو ئەنجامە گەییشتووە کە پێویستە گەلی کوردستان بپارێزرێت و هەروەها دەرفەتێک بە هەرێمی کوردستان و عێراق بدرێتەوە کە بەیەکەوە بژیێنەوە. نیگەرانیەکانیشی بە بارزانی راگەیاند لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان و داوای کرد کە گشتپرسی بۆ ماوەیێک دوابخرێت و لە ژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانووستاندن لە نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت".
لە بەرامبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی و شاندی یاوەری کرد و وێڕای ئاماژەدان بە رەهەندە جۆراوجۆرەکانی شەڕی داعش، وتی: "سەرباری نەبوونی چەک و دۆخی نالەباری ئابووری، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی شکاند و ئەوە بۆ گەلی کوردستان مایەی شانازییە".
بارزانی باسی هەڕەشەکانی تیرۆری کرد لە سەر ئاشتی و ئاسوودەیی گەلان و رای­گەیاند، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێکی هەمەلایەنەی پێویستە و دەبێ شەڕی فکری و کۆمەڵایەتی و ئابووریی تیرۆریش بکرێت.
لە بارەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی، بارزانی ئەوەی بە ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی راگەیاندووە "گشتپرسی بڕیارێکی تاکەکەسی نییە کە بە ئاسانی دوابخرێت بەڵکوو بڕیاری خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کوردستانە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە "مێژووی هاوبەشی گەلی کوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەدا کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە و جەختی لەوە کردەوە، لەو مێژووە هاوبەشەدا شەراکەت جێ­بەجێ نەکرا و تەوافوق و دەستوور و رێککەوتنەکانیش پێشێل کران".
بارزانی ئەوەیشی دووپات کردەوە "بەپێی ئەزموونە شکست خواردووەکان لە قۆناخی جۆراوجۆر و جێ­بەجێ نەبوونی شەراکەت و پێشێل­کاریی دەستوور و رێککەوتنەکان، متمانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی کوردستان بڕیاری گشتپرسی داوە و گشتپرسیش لە کاتی دیاری کراوی خۆیدا ئەنجام­دەردرێت و گەلی کوردستان بە ئامرازی ئاشتییانە و دانووستاندن مافەکانی خۆی مسۆگەر دەکات".
سەرچاوە: تۆڕی میدیاییی ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment