زیندانی کردنی نوێنه‌رانی گه‌ل پێشێل کردنی یاسای بنه‌ڕه‌تی و تاوانه‌

به‌شی تورکیا- نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی تورکیا له‌ پارتی دیموکراتیکی گه‌لان له‌ به‌رده‌م دادگه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی تورکیا کۆ بوونه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تییان به‌ به‌رده‌وامی ده‌ستگیرکردنی هاوکارانی خۆیان ده‌ربڕی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عوسمان بایده‌میر و ژماره‌یێک له‌ نوێنه‌رانی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان له‌ به‌رده‌م بینای دادگه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی تورکیا کۆ بوونه‌وه‌.

بایده‌میر له‌ لێدوانێکدا به‌ هه‌واڵنێرانی ڕاگه‌یاند: هه‌م سێهه‌مین پارتی گه‌وره‌ی تورکیا و هه‌م پارتی یه‌که‌می ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا هه‌ندێ نوێنه‌ریان له‌ زینداندا هه‌یه‌. له‌ ڕووی یاسایییه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حه‌سانه‌ی یاساییی‌ نوێنه‌رانی گه‌ل به‌تاڵه‌. زیندانی‌کردنی ئه‌م نوێنه‌رانه‌ و به‌م شێوازه‌ دادگه‌یی‌کردنیان پێشێل‌کردنی یاسای بنه‌ڕه‌تی و تاوان وێنا ده‌کرێت.

هه‌روه‌ها جه‌لال دۆغان نوێنه‌ری ئه‌سته‌نبۆڵ له‌ په‌رله‌مانی تورکیا له‌ پارتی دیموکراتیکی گه‌لان جه‌ختی کرد: بۆ گه‌یاندنی ده‌نگمان به‌ گوێی به‌رپرسانی دادگه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی تورکیا دینه‌ به‌رده‌م ئه‌م بینایه‌. له‌ وڵات هه‌زاران دادوه‌ر له‌ کاره‌کانیان ده‌رکراون و یان خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌ چوونکه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ ئایدیۆلۆژیا و که‌سێکی تایبه‌ت به‌یعه‌ت ناکه‌ن. دێر یان زوو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌م بینایه‌ (دادگه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی تورکیا) له‌گه‌ڵ عه‌داله‌ت به‌یعه‌تیان نه‌کردووه‌ خۆیان پێویستیان به‌ عه‌داله‌ت ده‌بێت.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا نوێنه‌رانی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان هه‌ندێ پووسته‌ری نوێنه‌رانی زیندانیکراوی HDP و پووسته‌ری ئه‌نیس بربرئۆغڵۆ نوێنه‌ری زیندانی‌کراوی پارتی کۆماریخوازی گه‌لیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8082

Your Comment

You are replying to: .
captcha