به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مێهمه‌ت ئۆجه‌لان برای عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که) له لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که داخوازیی دیدار له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به بۆنه‌ی جێژنی قوربان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دادی تورکیاوه ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه و ڕایگه‌یاند: عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له 27ی جووڵای 2011 به‌ره‌ودوا له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانی خۆی و له 5ی سێپتێمبێری 2015 بهرهودوایش نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئیمرالی دیدار بکات. دوایین جار پاش مانگرتن له خواردنی ژماره‌یێکی زۆر له سیاسه‌توانانی کورد له 11ی سێپتێمبێری 2016 توانیم له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان دیدار بکه‌م که دواتر داخوازیی دیدار له‌گه‌ڵ ناوبراو به بۆنه‌ی "خراپبوونی دۆخی که‌شوهه‌وا"، "خراپبوونی پاپۆڕه‌کان"، "دۆخی نائاسایی له وڵات" و... ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه.
ناوبراو له درێژه‌دا جه‌ختی کرد: دیدار له‌گه‌ڵ پارێزه‌ران و بنه‌ماڵه ئاسایی‌ترین حه‌قی که‌سێکی زیندانیکراوه. هه‌موو داواکارییه‌کانمان بۆ دیدار له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به تایبه‌ت ئه‌و داواکارییانه‌ی که له جێژنه‌کاندا ئاراسته‌مان کردووه، به شێوه‌ی نایاسایی، ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه. پاش 11ی سێپتێمبێری 2016 به هیچ له‌ونێک هه‌واڵێکمان له‌باره‌ی براکه‌مه‌وه به‌ده‌سته‌وه نییه. ساڵێکه نازانین له ئیمرالی چ تێده‌په‌ڕێت به‌م بۆنه‌وه زۆر نیگه‌رانین. ئێمه وه‌کوو بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو مافێکی دیموکراتیکمان هه‌یه هه‌ر بۆیه‌ش ڕۆژێک ئیزنی دیدار له‌گه‌ڵ ناوبراو به ئێمه بده‌ن. ئیزن نه‌دان بۆ دیدار له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان کارێکی نادیموکراتیکه. بۆچی ده‌وڵه‌ت ئیزنی دیدار به ئێمه نادات؟ ده‌بێ له‌مباره‌وه ڕوونکردنه‌وه به ئێمه بده‌ن.
سه‌رچاوه: هه‌واڵده‌ریی هاوار نیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment