بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمین مورادی وێڕای ئاماژە بەوەی بۆ یەکەم جار حەوتەمین مێهرەجانی "دەف نەوای ڕەحمەت" بە شێوەی نێونەتەوەیی لە پارێزگای کوردستاندا بەڕێوە دەچێت وتیشی: مۆسیقای کوردستان وەکوو لانکی مۆسیقای ئێران پێگەیێکی بەرزی هەیە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مۆسیقای مەقامی لە کوردستان ئەوەیە لە عیرفاندا جێگای خۆی کردۆتەوە و لەم ناوەسدا ژەنینی دەف زۆرتر خۆی دەنوێنێت تا ئەو ڕادەیەی لە ئێستادا پارێزگای کوردستان بە لانکی دەف هەژمار دەکرێت.
مورادی دەریبڕی: ژەنینی دەف لە تەکیە و خانەقاکانی پارێزگا و ڕێوڕەسمی مەولوودی و مونقەبت خوانیدا پێگەیێکی تایبەتی هەیە و ڕیتمی خانەقایی لە سەرەکیترین ڕیتمەکانی ژەنینی دەف لە ئێراندایە.
سەرۆکی حەوزەی هونەریی پارێزگای کوردستان پاشان باسی لەوە کرد حەوتەمین مێهرەجانی "دەف نەوای ڕەحمەت" ئەوساڵ بۆ یەکەم جار بە شێوەی نێونەتەوەیی و لە چەند بەشی تاکەژەنیی تازەلاوان و گەورەساڵان، گرووپ ژەنی، بەشی تایبەت و نێونەتەوەیی لە هەردوو ڕەگەزی پیاو و ژن بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو ژمارەی ئەو بەرهەمانەی بۆ مێهرەجانەکە نێردراون سەدا ٤٠ بەرز بۆتەوە و بە گشتی ٣٢٤ بەرهەم لە ٢٥ پارێزگای وڵات ڕەوانەی نووسینگەی مێهرەجانەکە کراون.
مورادی دەڵێت چوارشەممە ٨ی خەرمانان مێهرەجانەکە لە هۆڵی سینەما بەهمەنی سنە دەکرێتەوە و ڕۆژی هەینی ١٠ی خەرمانانیش کۆتاییی پێدێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا لە نێوان ٣٢٤ بەرهەمی نێردراو بۆ مێهرەجانەکە لە بەشی تاکەژەنیدا ٦٤ بەرهەم و لە بەشی گرووپ ژەنیشدا ١٥ بەرهەم مۆڵەتیان پێدراوە لە قۆناغی کۆتاییدا بەشداری بکەن.
مورادی ڕاشیگەیاند داوەرانی بەشی کۆتایی مێهرەجانەکە بریتین لە بیژەن کامکار، کەژوان زیائودینی و ئەحمەد خاکتینەت.
کۆدی هەواڵنێر: 60108
Your Comment