کوردپرێس- کاتێک لە تەنیشت کتێب­فرۆشییەکانی شارەوە تێدەپەڕین ڕەنگ و مانشێتی کتیبە جۆربەجۆرەکان خۆیان دەنەخشێنن و کتێب­فرۆشییەکان دەکەنە دیمەنێکی ڕازاوە و سەرنج­ڕاکێش. بۆ ئەوەی دەرکەوێت ئەم دیمەنە نەخشینە چیی تێدایە هەر ئەوەندە بەسە یەک دوو لاپەڕەی کتێبەکان یان تەنانەت مانشێت و تەوەری کتێبەکە چاو لێ­بکەین: نووسەری نامۆ، بڵاڤگەی نامۆ، پێکهاتەی بێ­پێوەر و بنەما، دیزاین و داڕێژانی سووک و ناپڕۆفشناڵ دیاردەی بەرچاو و قەیرانی ڕواڵەتیی ئێستای جیهانی کتێبە لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا. یەکەم خەساریش لەم نێوانەدا لە خوێنەری کتێب دەکەوێت. پاشان ڕای گشتی و تەنانەت نووسەرە بەناوبانگ و پڕۆفشناڵەکانیشی پێوە دەگلێت و قەیرانەکە زیاد دەکات. تا ئەو ڕادەیەی هەژماری کتێبە بەنرخ و پسپۆڕییەکان تا هەژماری 300 بەرگیش دابەزیوە. ئەوەش لەحاڵێکدایە هەمان کتێب لەباری زانستییەوە هێندە بەنرخ بووە کە لە چاپی یەکەم و دووهەمیدا بە هەژماری 5000 بەرگەوە پێش یەک ساڵ دوو جار چاپ کراوەتەوە.
لەلایێکی دیکەشەوە باری زانستیی زۆرینەی کتێبەکانی بازاڕی کتێب لە ئاستێکی نزمدایە و نووسەری بۆتە سەرچاوەی داهات و وەکوو پیشەیێکی پسپۆڕانە چاوی لێناکرێت. پێشتر کە ڕووت دەکردە کتێب­فرۆشییەکان، کتێبە بەنرخەکانی دونیای کۆمەڵناسی، ئەدەب، سیاسەت، کەلتوور و فەلسەفە لە نووسەرە بەناوبانگە نێوخۆیی و بیانییەکان زۆرترین و گرینگترین کتێبەکانی ئەو کتێب­فرۆشییانە بوون و ناوەرۆکی دەقە چاپ­کراوەکانیش ناوەرۆکێکی دەوڵەمەند و بەسوود بوون و خوێنەری ئاشنا دەکرد لەگەڵ گرینگترین و نوێترین داهێنانەکان لە ڕەهەندە جۆربەجۆرەکاندا. بەڵام ئەمڕۆکە سەرەڕای کەم کردنەوەی ئەستووریی کتێبەکان و نزم­بوونەوەی ئاستی زانستیی دەقەکان ڕەنگی سوور و سەوز و شین و جۆربەجۆری کتێبەکان وەکوو داڵغەی نووسەر و بڵاڤگەکان تەرکیزی دەکرێتە سەر و هەوڵ دەدرێت بەمانشێتی سەرنج­ڕاکێش سەرنجی خوێنەر ڕابکێشرێت.
ئەمڕۆکە جەو گۆڕدراوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کەرتی خوێندنەوەی کتێب داناوە. خوێنەر زەوقی لە خوێندنەوە نەماوە. بەتایبەت ئەگەر دەقەکە درێژ بێت ئەوا خوێنەری زۆر کەمتر دەبێت. لە جیهانی ڕەوایەت و گێڕانەوەشدا هەمان حاڵەت ڕووی داوە. ئەمڕۆکە جیهانی ڕۆمان کز بووە و نووسەری کورتەچیرۆک و ئەدەبی مینیماڵیستی لە جیهانی ئەمڕۆکەدا سەرکەوتووترن. ئێستە زۆر بە دەگمەن دەبینین خوێنەر تەنها لەبەر حەز و خواستی خۆی ڕۆمانی 17بەرگیی ئێمیل زۆلا بخوێنێتەوە. ئەوەش پێویستییێکی کۆمەڵگایە و بەحوکمی زەروورەت ئەولەوییەتەکان لە سەردەمە جۆربەجۆرەکاندا دەگۆڕدرێت. سەردەمی مۆدێڕنیتە لە ئەورووپا و لە ئەدەبی ئەو دەڤەرەدا هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕۆمانە مۆدێڕنیستییەکان. دیارە ئەدەب و گێڕانەوە بەگوێرەی پێداویستیی کۆمەڵگا لەباری فیکر، ستایل و ئایدیۆلۆژیاوە دەگۆڕدرێت و ئێستاش پاش سەرهەڵدانی پۆست­مۆدێڕنیزم و گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ هەندێک بایەخ و دیاردەی تایبەت و هەروەهاش پێشکەوتنی هەرە زۆری تەکنەلۆجیا و هەڵکشانی ئاستی خێراییی تێگەیشتنی مرۆڤ لە دیاردەکانی دەور و پشتی لەڕێگای ئامێری پێشکەوتووەوە وای لە مرۆڤ کردووە هێندە بایەخ بە دەق و نووسراوی درێژ نەدات و بەردەوام چاوەڕوان بکات لە زووترین کاتدا زیاترین ئاستی زانیاری وەدەست بهێنێت.
ئەم جیهانە ئەلەکترۆنییە بەرەو کوێمان دەبات؟ لەم کۆمەڵگایەدا کە ڕێژەی خوێندنەوە لە نزمترین ئاستدا بوو ئەم شڵەژاوییەی بازاڕی کتێب کێشەکە چەندقات دەکاتەوە. ئێستاکە زانیاریی نێو ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتی و هەواڵدەرییەکان وەکوو پێویستترین زانیارییەکان خۆ دەنوێنن. تاکی ئەم کۆمەڵگایە ئەگەر خوێنەر و بیسەری هەواڵ و دەنگ­وباسی میدیا، تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەکان بێت خۆی بە تاکێکی زانا و خاوەن­بیر و شرۆڤەکار دەزانێت و شانازیشی پێوە دەکات کە کاتەکەی بۆ هەندێک زنجیرەدرامای سووک و پووچەڵ تەرخان ناکات. بۆیە خوێنەواری و قووڵایی هزر و بیرەکانمان لە نزمترین ئاستدا دەبێت. ئەوەش لە کاتێکدایە هەواڵ و زانیاریی نێو دام­ودەزگای ڕاگەیاندن بە هەموو سوودەکانیەوە لە مێشکی تاکی کۆمەڵگادا نامێنێتەوە و هەواڵنێر و هەواڵدەر بەشی لەبیر کراوی کۆمەڵگا دەبن چوونکە زانیاریی نێو هەواڵ وادەیێکی تایبەت و دیاری کراوی هەیە و پاش ئەو ماوەیە چیتر کەڵکی نابێت و لەبیر دەکرێت. ئینجا لێرەوە دیارە جیاوازیی زانیاریی نێوان کتێب و دەقی زانستی و ئەدەبی تا چ ڕادەیێک دەبێت. زۆر جار خوێنەر بە خوێندنەوەی ڕۆمانێک، دەقێکی ئەدەبی یان باسێکی زانستی ڕێبازی ژیانی دەگۆڕێت و ئارمانجەکانی خۆی لە یەک ڕستەدا دەبینێتەوە و تا کۆتایی ژیانی لەسەر ڕێبازەکەی داکۆکی دەکات و بەقەدەر توانای خۆی لە حەیاتی کۆمەڵایەتییدا ڕۆڵ دەگێڕێت...
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment