دەبێت نەوت ببێتە سەرچاوەی مووچە و ژیان ‌‌و خۆشگوزەرانیی بۆ هاونیشتیمانیان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیێنێت نابێت نەوت ‌و داهاتەکەی ببنه‌ هۆکاری بێ مووچەیی خەڵک، بەڵکوو ده‌بێت ببێتە سەرچاوەی مووچە و ژیان ‌و بژێوی ‌و خۆشگوزەرانیی  بۆ هاونیشتیمانیانمان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هاتووه‌ بەپێویستی دەزانین دووبارە تەئکید لە پێشنیارێکی پێشوومان بکەینەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لەڕادەست کردنی نەوت بە سۆمۆ بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتنەی کە حکوومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردوویانە.

له‌به‌شێکى دیکه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش ڕوون کراوه‌ته‌وه‌، ئێستا لەهەموو کات زیاتر لای خەڵکی کوردستان ڕوون‌ و ئاشکرایە کە نەوتی هەرێم هەرزانفرۆش دەکرێت ‌و پڕە لەکێشەی بونیادی کە بوونەتە گرفتی گەورە بۆ ئێستا و لە ئایندەشدا دەبێتە کێشەی گەورەتر و ئاڵۆسکاوتر بۆ هەرێم ‌و خەڵکەکەی".

ده‌قى ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌:

وەک نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە سۆنگەی هەست کردنمان بە بەرپرسیارێتی ئەرکی نوێنەرایەتی سەرشانمان بەرامبەر خەڵکی کوردستان‌ و مووچەی فەرمانبەران ‌و شایستە داراییەکانی تری شێوەی جووتیاران ‌و پێشمەرگە و لە سۆنگەی هەست کردن ‌و ئاگاداربوون لە هەستیاری گفتوگۆکانی ناو ناوەندی سیاسی عێراق بەگشتی‌ و لیژنەی دارایی بەتایبەتی، بەپێویستی دەزانین دووبارە تەئکید لە پێشنیارێکی پێشوومان بکەینەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە ڕادەست کردنیی نەوت بەسۆمۆ بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتنەی کە حکوومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردوویانە.

دوابەدوای ئاشکرا بوونی داتاکانی ناو ڕاپۆرتیی دیلۆیت ئێستا لە هەمووکات زیاتر لای خەڵکی کوردستان ڕوون‌ و ئاشکرایە کە نەوتی هەرێم هەرزانفرۆش دەکرێت ‌و پڕە لەکێشەی بونیادی کە بوونەتە گرفتی گەورە بۆ ئێستا و لە ئایندەشدا دەبێتە کێشەی گەورەتر و ئاڵۆسکاوتر بۆ هەرێم ‌و خەڵکەکەی، بۆیە پێویستە بەخێرایی ئەو مەلەفە بەڕیشەیی چارەسەربکرێ ‌و حکوومەتی هەرێم بەخێرایی لەگەڵ سۆمۆ بکەوێتە گفتوگۆ لەپێناو ڕادەست کردنی نەوت‌ و نیشاندانی نیەتپاکیی سەرەتایی بۆ پابەندبوون.

ئێمە وەک نوێنەرانیی هاوپەیمانی هیوا ڕایدەگەیەنین کە ئەگەر حکوومەتی هەرێم هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت، ئەوا پشتیوانیەکی گەورە لەئاستی نێودەوڵەتی‌و ناوپرۆسەی سیاسیی عێراق‌و گفتوگۆکانی ناو پەرلەمانیش بۆ تێپەڕاندنی موازەنەی ۲٠۲۱ بەدەست دەهێنێت، جیالەوەی ڕێدەگرێ لە بەرزبوونەوەی ئەو گوتارە شەعبەویەی کە بەهۆی ڕێکنەکەوتنی نێوان هەردوو حکوومەت لە بەغدا و هەولێر کەسانێک هانی گوتاری ڕق‌ و ناکۆکی دەدەن.

ئێمە داواکارین حکوومەتی هەرێم خۆی لە لێدوان ‌و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسیارانە بەدوور بگرێ وەک دوا ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، کە کۆمەک بە گفتوگۆکانی ناو لیژنەی دارایی ‌و کۆی گفتوگۆکانی ڕێکەوتنی نێوان هەردوو حکوومەت ناکاو پێویستە کابینەی نۆ چیتر لەسەر سیاسەتی هەڵە و کوشندەی نەوت وەک ڕابردوو بەردەوامنەبێت‌ و بەخێرایی پێداچوونەوە بکات بەمەلەفیی نەوتدا بەشێوەیەک نەوت ‌و داهاتەکەی نەبێتە هۆکاری بێ مووچەیی خەڵک، بەڵکوو ببێتە سەرچاوەی مووچە و ژیان ‌و بژێوی‌ و خۆشگوزەرانیی بۆ هاونیشتیمانیانمان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 792

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha