چەند زانیاری نوێ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە زاری بەرپرسێکی یەکێتییەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یەکێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، حزبه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندایە و هه‌وڵ ده‌ده‌ن گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بکەن تا یاسایه‌کی باش و هاوچه‌رخ بۆ هەڵبژاردن دابنێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕزگار حاجی حه‌مه‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و بەرپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یەکێتی به‌ده‌نگی ئه‌مریکای وتوە، "وەک یه‌کێتی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنداین له‌واده‌ی خۆیدا، به‌ڵام پێمانوایه‌ ئه‌و یاسایه‌ی پێشتر کاری پێکراوه‌ به‌سه‌رچوه‌و گرفتی زۆره‌، کاریگه‌ری هه‌بوه‌ له‌سه‌ر به‌شدارینه‌کردنی خه‌ڵکیش له‌هه‌ڵبژاردندا، چونکه‌ ناعه‌داله‌تی له‌نێوان پارێزگاکاندا تێدابووه‌".

سه‌باره‌ت به‌کورسی پێکهاته‌کان وتی، "داوامانکردوه‌ کورسی کۆتا به‌سه‌ر پارێزگاکاندا دابه‌شبکرێت، وه‌ک چۆن برایانی مه‌سیحی له‌هه‌ولێرو دهۆک هه‌ن، له‌سلێمانیش هه‌ن، برا تورکمانه‌کان هاوشێوه‌ی هه‌ولێر له‌که‌لارو کفریش هه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م مافه‌ بۆ هه‌موویان به‌ڕه‌وا ببینرێ".

بەرپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یەکێتی ڕوونیشیکرده‌وه‌، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌ شێوازی یه‌ک بازنه‌یی، وایکردووه‌ نوێنه‌ره‌کان نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ناوچه‌کانیان نه‌که‌ن، په‌رله‌مانتار به‌رپرسیار نه‌بووه‌ به‌رانبه‌ر ده‌نگده‌ری خۆی لە کاتێکدا خەڵک لە هه‌موو ناوچه‌کان ده‌نگیان پێداوه‌.

دەشڵێت: ئەگه‌ر سیستەمی هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، کورسی پارێزگاکان به‌ گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوان دیاری بکرێت و پشت به‌ داتای وه‌زاره‌تی پلان دانانی عێراق ببه‌سترێت، خه‌ڵک نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، په‌رله‌مانتار به‌رپرسیاره‌ به‌رانبه‌ر ده‌نگده‌رانی، ئه‌مه‌ش گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره‌یه‌.

لەبارەی ئەو خاڵانه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ڵبژاردن و یەکێتی و پارتی ڕای جیاوازیان له‌سه‌ریان هه‌یه‌، بەرپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یەکێتی دەڵێت: یاسای هه‌ڵبژاردن چه‌ندین ساڵه‌ هه‌موار نه‌کراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ که‌مێک ئاسته‌نگ دێته‌ پێش، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین به‌ دیالۆگ و گفتووگۆ، ڕاکانمان یه‌کبخه‌ین، تا یاسایه‌کی باش و هاوچه‌رخ دابنێین.

ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان کۆبوونه‌وه‌ و ڕێککەوتن هەڵبژاردن بەچوار بازنە بکرێت و هەڵبژاردن نیوەی بەلیستی کراوە و نیوەکه‌ی دیکه‌ی بە لیستی داخراو ده‌بێت، ژمارەی کورسیی بازنەکان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت و هەروەها، هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی عێراق بکرێت بۆ سوود وەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق.

News Code 7836

Your Comment

You are replying to: .
captcha