پارتی و یەکێتی بەو دۆخەی ئێستاوە بەردەوام بن، سەری کورد دەنێنە قوڕ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرکردە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێی وایە دۆخی یەکێتی و پارتی خراپە و تا پارتی و یەکێتیش لە دەسەڵاتدا بن، دۆخی کورد بەو جۆرەی ئێستا دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود سەنگاوی، لە چاوپێکەوتنێکدا دۆخی یەکێتی بە دۆخێکی خراپ ناوبرد و لەبارەی دوایین کۆنگرەی یەکێتیشەوە وتیک "ئەوە کۆنگرە نەبوو، ژوورێک دانرابوو لەوێ بڕیار دەدرا کێ دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی و کێ نابێت." ئەوەشی خستەڕوو"من بۆ خۆم لە کۆنگرە دووەم دەنگم هێناوە، لە بافڵ تاڵەبانی دەنگم زیاتر هێناوە، تەها لاهوور دەنگی لە من زیاتر هێناوە."

لەبارەی دۆخی یەکێتیش وتیک "مام جەلال ئەیوت یەکێتی حزبی رەنجدەرانی بیر و بازووە، ئێستا رەنجدەرانی بیر و بازوو لە ئێمەوە دوور کەوتوونەتەوە. دۆخی پارتیش باش نییە، بەڵام پارتی دۆخی لە ئێمە باشترە. ئەوان لە ئێمە یەکگرتووترن."

ناوبراو وتیشی: "دەرمانی دەردی یەکێتی ئەوەیە هەموومان کۆببینەوە و بڕیار بدەین و بچینە مەیدان بۆ هەڵساندنەوەی یەکێتی."

سەنگاوی هەروەها وتیشی: "یەکێتی وەکوو عەشیرەتەکانی ئێستای لێهاتووە، هەر عەشیرەتێک و چوار پێنج کەسی لێ ڕاست‌بۆتەوە ئەڵێت، من سەرۆک عەشیرەتم. گۆڕان جیابووەوە، کاک نەوشیروان رۆیشت ئەو گورزە گەورەیەی لە یەکێتی دا. کاتی خۆی مەلا بەختیار جیابووەوە، گورزی لێ دا. ئێستاش لاهوور، بەو جۆرە، کە ئەوەش گورزێکی ترە لە یەکێتی."

لەبارەی کێشەی یەکێتی و پارتی و کشانەوەی تیمی یەکێتی لە حکوومەت، مەحموود سەنگاوی وتی: "پشتیوانی لە هەڵوێستی کشانەوەی تیمی یەکێتی لە حکوومەت دەکەم، بەڵام ئەوە بەتەنها بەس نییە. ئێمە لەوێ کشاوینەتەوە بەڵام ئەو بەردەوام ئیشی خۆی دەکات. دەبێت شتێکی تر بکەین و گوشار لە پارتی بکەین مافەکانمان بداتێ."

بەقسەی مەحموود سەنگاوی: "مەسروور بارزانی، وەک سەرۆکی حکوومەت، جیاوازییەکی زۆری کردووە لەنێوان حزبەکەی خۆی و یەکێتی، بۆیە ئەو هەڵایە دروست بووە. هەتا ئەو کاتەی پارتی و یەکێتی وەک یەک تیم کار نەکەن لەم وڵاتە، دۆخەکە لەم باشتر نابێت."

ناوبراو وتیشی: "مەسروور بارزانی، خراپترین سەرۆکی حکوومەت بووە. چوونکە نەیتوانیوە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رێک‌بخات."

مەحموود سەنگاوی هەروەها وتیشی: "هەتا ئەو کاتەی ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتدا ڕوو نەدات، پارتی و یەکێتی دوور نەکەونەوە لە دەسەڵات، حاڵمان هەروا دەبێت، با گرووپی تر بێن، بزانین ئەوان چۆن دەبن."

بە بڕوای ئەو سەرکردەیەی یەکێتی: "پارتی و یەکێتی لە دەسەڵاتدا نامێنن." و وتیشی "ئەو هێزە سەربازییەی هەمانە وردە وردە لەدەستمان دەردەچێ، نە هێزەکەی پارتی دەنگ دەداتە پارتی و نە هێزەکەی یەکێتی دەنگ دەداتە یەکێتی...لە هەڵبژاردنی پێشودا لایەنە ئیسلامییەکان لەناو هێزەکانی ئێمە لە دووکان دەنگیان زیاتر هێنا."

هەروەها جەختیشی کردەوە: "پارتی و یەکێتی بەو دۆخەی ئێستاوە بەردەوام بن، سەری کورد دەنێنە قوڕ".

News Code 7827

Your Comment

You are replying to: .
captcha